پارتی ئازادیی کوردستان: ئێران لە هێرشی درۆنیی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا «فۆسفۆری سپی» بەکارهێناوە
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
لە دوای بەردەوامیی هێرشە سەربازی و سنووربەزێنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی ڕایگەیاند سوپای پاسداران لە هێرشی درۆنیی بەرەبەیانی ئەمڕۆی بۆ سەر یەکێک لە بنکەکانی ئەم حیزبە، چەکی قەدەغەکراو و تەقەمەنیی هەڵگری «فۆسفۆری سپی» بەکارهێناوە.بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، لانی کەم ٩ پێشمەرگە بەهۆی بەکارهێنانی ئەم چەکە کیمیایی - سووتێنەرە بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و بە پشت بەستن بە دەقی ڕاگەیەندراوی پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (١٩ی ژوئیەی ٢٠٢٦) بڵاو کراوەتەوە، بەپێی چاودێریی ڕاستەوخۆ، جۆری ئاگرکەوتنەوەکە و پشکنینە پزیشکییەکان کە لەسەر ٩ کەس لە پێشمەرگە بریندارەکانی ئەم هێرشە ئەنجام دراوە و هەروەها ئاگرکەوتنەوەی بەرفراوان، کۆنترۆڵنەکراو و وێرانکەر لە ژینگەی ڕووەکیی ناوچەی ئامانج، سەلمێندراوە کە درۆنە خۆتەقێنەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵگری ماددەی قەدەغەکراوی «فۆسفۆری سپی» بوون.
لە ڕاگەیەندراوی PAK دا جەخت کراوەتەوە کە بەکارهێنانی ئەم جۆرە تەقەمەنییە کە شوێنەواری سووتێنەری دڕندانە، کوشندە و وێرانکەری قەرەبوونەکراو لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە بەجێدەهێڵێت، پێشێلکردنێکی ئاشکرای بنەما بنەڕەتییەکانی مافی نێودەوڵەتیی مرۆڤدۆستی (ڕێککەوتننامەی ژنێڤ) و ڕێساکانی قەدەغەکردنی چەکی قەدەغەکراوە.
ئەم حیزبە بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەم تاوانە نابێت بەبێ وەڵامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بمێنێتەوە، داوای لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور (ICRC) و هەموو دامەزراوە بەرپرسەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە ڕێوشوێنی یاسایی دەستبەجێ و سزادەر بۆ سزادانی کۆماری ئیسلامی بگرنەبەر.
بەکارهێنانی فۆسفۆری سپی لە ناوچە سەربازییەکانی نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی و پەناخوازان، بەهۆی جۆری جیانەکراوەیی و بازنەی وێرانکەریی ئاگرەکەی، بەپێی ڕێککەوتننامەی چەک وچۆڵی ئاسایی (CCW) قەدەغەیە و نموونەیەکی بەرچاوی تاوانی جەنگیە.
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی کە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکاندایە، پێشتریش بنکەکانی حیزبە سیاسییە کوردییەکانی کردبووە ئامانجی هێرشی مووشەکی.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای دەربڕینی نیگەرانییەکی توندی لە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی لەلایان کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا، ئەم کردەوەیە شەرمەزار دەکا و داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی پشتڕاستکەرەوەی نێودەوڵەتیی لەلایان نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سوورەوە بۆ لێکۆڵینەوەی مەیدانی و پشکنینی بریندارانی چەکی فۆسفۆری لە کوردستان دەکا.