بە گیانبەختکردنی ئەبووبەکر هووشەنگی، یەکێک لە بریندارانی هێرشە هاژەکییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگای کۆمەڵە، ژمارەی قوربانییان گەیشتە ١٠ کەس

٣٠ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ١٨:٠٥

هەنگاو؛ سێشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکانی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوی ئەبووبەکر هووشەنگی، خەڵکی مەریوان، بەهۆی سەختیی ئەو برینانەی لە ئەنجامی هێرشە هاژەکی و درۆنییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی ئەم حیزبە بەریکەوتبوو، گیانی بەخت کرد. بە گیانبەختکردنی ناوبراو، ژمارەی قوربانییانی ئەم هێرشە بۆ لانی کەم ١٠ کەس بەرز بووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٢١ی جولای ٢٠٢٦)، ئەبووبەکر هووشەنگی، خەڵکی مەریوان و ئەندامی حیزبی کۆمەڵە کە لە کاتی هێرشەکەی ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕدا بە سەختی بریندار ببوو، دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی سلێمانی و بەهۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستییەوە گیانی بەخت کرد. هەواڵی گیانبەختکردنی ناوبراو لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی فەرمییەوە لەلایەن حیزبی کۆمەڵەوە بڵاو کراوەتەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (کاتژمێر ٦:٤٤ی بەیانی)، هێزەکانی سوپای پاسداران لە بەرزاییەکانی گوندی «بێڵەیی» لە شارستانی جوانڕۆی پارێزگای کرماشانەوە، ٥هاژەکیان ئاڕاستەی بارەگاکانی حیزبی کۆمەڵە لە ناوچەی زەرگوێزی سلێمانی لە هەرێمی کوردستان کرد کە هەر لەو ڕۆژەدا ٩ پێشمەرگە گیانیان بەخت کرد و بە گیانبەختکردنی پێشمەرگەیەکی دیکە، ژمارەی پێشمەرگە گیانبەختکردووەکان بۆ ١٠ کەس بەرز بووەوە کە ناوی سەرجەمیان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

١. ئەبوبەکر هووشەنگی (خەڵکی مەریوان - گیانبەختکردن لە ٣٠ی پووشپەڕ بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە)

٢. سیاوان نیکخواه ـ (١٧ ساڵان، خەڵکی بۆکان - داواکاری وەرگرتن)

٣. کەسرا ڕەحمان‌نژاد (١٧ ساڵان، خەڵکی بۆکان - داواکاری وەرگرتن)

٤. سرووش نەسری (١٧ ساڵان، خەڵکی مەریوان - داواکاری وەرگرتن)

٥. سینا سەفەری (١٨ ساڵان، خەڵکی ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا/شاباد)

٦. یاسین کیانپوور (٢٢ ساڵان، خەڵکی شازەند)

٧. زەکەریا فەقێ حەسەنئاغا (٢٣ ساڵان، خەڵکی بۆکان)

٨. ڕەزا سادقی (٣٢ ساڵان، خەڵکی بۆکان)

٩. ئەحمەد مەحموودی (٣٣ ساڵان، خەڵکی بانە)

١٠. فەرهاد قەمەری (٥٣ ساڵان، خەڵکی دیواندەرە)

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە