حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران گیانبەختکردنی شەش ئەندامی خۆی لەنێویاندا ئەندامێکی تەشکیلاتی نهێنی لە پیرانشار پشتڕاست کردەوە

١١ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ١٦:٤٤

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

لەدوای پێکدادانە چەکدارییەکانی ئێوارەی ڕابردوو لە بەرزاییەکانی پیرانشار، «حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)» بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی پێکدادانەکە، ڕایگەیاند کە ژمارەی گیانبەختکردووانی ئەم ڕووداوە شەش کەس بووە. بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، یەکێک لە گیانبەختکردووەکان بە ناوی محەممەدئەمین بایزیدی لە ئەندامانی ڕێکخستنی نهێنیی شاری ئەم حیزبە بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی پێکدادان لە بەرزاییەکانی قزقاپانی پیرانشار، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی گیانبەختکردنی شەش ئەندامی خۆی لەم پێکدادانەدا پشتڕاست کردەوە.

ناسنامەی ئەو شەش پێشمەرگە شەهیدەی ئەم حیزبە کە هەموویان خەڵکی پیرانشارن، بەم شێوەیە پشتڕاست کراوەتەوە : توانا عوسمانی، محەممەد خاکی (گەڕگوولی)، کارۆ هورمزیاری، فەردین چەنگیزی و عەبدوڵڵا محەممەدپوور (حاجی عەبدوڵڵا) و محەممەدئەمین بایزیدی لە ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنیی ئەم حیزبە.

پێشتر، بارەگای حەمزەی سوپای پاسداران وێنەی تەرمی پێنج کەس لەم گیانلەدەستدراوانەی بڵاو کردبووەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوە، هەنگاو هێشتا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە ڕەهەند و بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە پێکدادانی چەکداریی دووەم لە ناوچە سنوورییەکان

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە