هەولێر؛ پارتى ئازادیى کوردستان تێرۆرکردنی یەکێک لە ئەندامانی خۆی بە ناوی سۆران محەممەدزاده لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە پشتڕاست کردەوە
هەنگاو؛ هەینی ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی، تێرۆرکردنی یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخستنی خۆی بە ناوی سۆران محەممەدزادە، خەڵکی مەهاباد، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ پێنجشەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٢ی جولای ٢٠٢٦)، یەکەی زانیاری و ئاسایشی پارتی ئازادیی کوردستان بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی ڕایگەیاند کە سۆران محەممەدزادە، ئەندامی ڕێکخستنی ئەم حیزبە، لەلایەن تیمێکی سەر بە ڕێکخراوە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تێرۆر کراوە.
تەرمی سۆران محەممەدزادە، ڕۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٢٦ی پووشپەڕی ٢٠٢٦) لە دەوروبەری کاتژمێر ٥ی ئێوارە بە کاتی خۆجێیی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە (ئاسایش) لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری هەولێر دۆزرایەوە. بەپێی وتەی نزیکەکانی ناوبراو و بەڵگە سەرەتاییەکانی پزیشکی دادوەری، ئەو کات چەند ڕۆژ بەسەر کاتی گیانلەدەستدان و تێرۆرکردنی ئەودا تێپەڕیبوو.
پارتی ئازادیی کوردستان لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکانی چۆنیەتیی ڕوودانی ئەم تێرۆرە لە هەمان کاتژمێرە سەرەتاییەکانی دۆزینەوەی تەرمەکەدا، بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی قۆستنەوەی هەواڵگری لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، تا ئێستا لە بڵاوکردنەوەی فەرمیی هەواڵەکە خۆیان پاراستبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ جۆرە لێدوانێکی فەرمییان لەم بارەیەوە نەداوە.
لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان چەندین جار بووەتە گۆڕەپانی تێرۆری ئامانجدار و دەرەوەی سنوورەکانی چالاکوانانی سیاسی، پەنابەران و ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لەلایەن دەزگا زانیارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەمیشە هۆشدارییان داوە لەسەر دابیننەکردنی ئاسایشی گیانیی پەنابەرانی سیاسی و ئەندامانی حیزبەکان لە هەرێمی کوردستاندا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای شەرمەزارکردنی تێرۆری سۆران محەممەدزادە، لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ داوا دەکات کە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و ڕوون بۆ ناسینەوە و دەستبەسەرکردنی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە دەست پێ بکەن و ئاسایشی چالاکوانانی سیاسیی پەنابەر مسۆگەر بکەن.