ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر تیرۆرکردنی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر

٢١ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٩:٥٠


هەنگاو: چوارشەممە، ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

چالاکی سیاسی بە ناوە سیامەند شابۆیی، خەڵکی شاری شنۆ و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندێکی نزیکی شارۆچکەی "بەحرەکە"ی سەر بە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان تیرۆر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٢ی جولایی ٢٠٢٣)، تەرمی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی سیامەند شابۆیی و خەڵکی شاری شنۆ، لە بینایەکی نیوەکارە لە گوندی "قادرئاوا"ی سەر بە شارۆچکەی "بەحرکە" لە نزیکی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دۆزرایەوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، کاتێک تەرمی ئەم چالاکە سیاسییە دۆزراوەتەوە، درکەوتووە کە بە چەند گوللەیەک لە پشتەوە لێی دراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا کەسێکی نزیکی سیامەند شابۆیی بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "سیامەند شابۆیی، لە ئێوارەی دوێنێوە دیار نەماوە و هیچ هەواڵێکی نەبووە کە هەتا ئێستا شتی وا ڕووی نەدابوو. ئێمە تیمە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم تیرۆرە بە بەرپرسیار دەزانین".

شایانی باسە کە بەپێی زانیارییەکان؛ سیامەند شابۆیی، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی لێ کرابوو و لەم دوایییانەشدا دوو برای ناوبراو و هەروەها کۆمار شابۆیی، کوڕە تەمەن ١٤ ساڵانەکەی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

تیرۆرکردنی ئەم چالاکە سیاسییە لە کاتێکدایە کە دوو ئەندامی دیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی لوقمان ئاجی و عادل موهاجێر کە هەردووکیان خەڵکی شاری پیرانشار بوون، دەمەوبەیانیی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، لە شاری قەڵادزێ سەر پارێزگای سلێمانیی هەرێمی کوردستان تیرۆر کران.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە