مێهران؛ موجتەبا باباخانی لە چالاکانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە تەقاندنەوەی نارنجۆک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

١٨ خەرمانان ٢٧٢٦، ٢٠:٣٣

هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۸ی خەرمانانی ۲۷۲۶

موجتەبا باباخانی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مێهران لە پارێزگای ئیلام و لە ناڕازییانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار، لە ئەنجامی گەمارۆدان و هێرشی چەکدارانەی هێزەکانی «یەکەی تایبەتی نۆپۆ» بۆ سەر حەشارگەی خۆی و براکەی، گیانی لەدەست دا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکرانی بە تەقاندنەوەی نارنجۆک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و دوو کەس لە هێزە حکوومەتییەکانیش بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۱۸ی خەرمانانی ۲۷۲۶ (۹ی سێپتەمبەری ۲۰۲۶)، هێزە حکوومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی خۆشاردنەوەی موجتەبا باباخانی و شوجاع باباخانی، دوو برای کورد و خەڵکی مێهران کە دوای ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار بە شێوەی نهێنی دەژیان، وتێکهەڵچوونێکی چەکدارانە ڕووی داوە.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لە ڕەوتی ئەم هێرشە چەکدارانەیەدا، شوجاع توانیویەتی لە ماڵە گەمارۆدراوەکە لە شارۆچکەی ئیسلامییەی مێهران هەڵبێت، بەڵام موجتەبا باباخانی دەستبەسەر کراوە. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا بە کەڵکوەرگرتن لە نارنجۆکێکی دەستی هەوڵی تەقاندنەوەی داوە کە لە ئاکامدا، خودی خۆی دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە و لانی کەم دوو کەس لە هێزە حکومەتییەکان بەسەختی بریندار بوون کە باری تەندروستییان نالەبار ڕاگەیەندراوە.

شایانی باسە کە، موجتەبا باباخانی هاوڕێ لەگەڵ براکەی لە ناڕازییانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ۲۷۲۵ بوون کە دوای ڕاوەدوونانیان لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ژیانێکی نهێنییان گرتبووە بەر.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە