کرماشان؛ کوژرانی پووریا نادری، چالاکی کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات

٢٩ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٩:٥٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۶

چالاکێکی کورد پەیڕەوی ئایینی یارسان بە ناوی پووریا نادری، تەمەن ۲۹ ساڵ و خەڵکی کرماشان، لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لەگەڵ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گەڕەکی دەرەدرێژی ئەم شارەدا گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ۱۱ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۲۰ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، لەنێوان «دەرەدرێژ» (شەهرەکی مەهدیە) و «شەهرەکی جەلالیە»ی کرماشان تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لەنێوان هێزە حکوومەتییەکان و پووریا نادری ڕووی داوە کە لە ئاکامی ئەم تێکهەڵچوونەدا پووریا گیانی لەدەست داوە و دوو کەس لە هێزە حکوومەتییەکان بریندار بوون.

جێگای ئاماژەیە کە، پووریا نادری لە ڕەوتی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»دا هاوڕێ لەگەڵ دوو برای خۆی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەستبەسەر کرابوو و نزیکەی سێ مانگی لە دەستبەسەرگەی ئەمنیدا تێپەڕاندبوو. ناوبراو پاش ئازادبوونی کاتی بە دانانی بارمتە، خۆی لە بانگکرانەکانی دواتر بواردووە و پاش ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبەریش لەژێر چاوەدێری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکاندا بووە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە فەرماندەیی و ڕێبەرایەتیی یەکێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعات بە نازناوی «کامەرانی» (کە پێشتر لە دۆسیەکانی دیکەدا لەوانە گیانلەدەستدانی موجتەبا وەیسی و مەیسەم وەیسی دوو برای کوردی یارساندا ڕۆڵی هەبووە)، هەوڵی گەمارۆدانی ناوبراویان داوە. لە ڕەوتی ئەو تێکهەڵچوونە چەکدارانەی کە ڕوویداوە، دوو کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بریندار بوون و پووریا نادری بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە