کوژران و برینداربوونی ١٢ کۆڵبەری کورد لە مانگی فێبریەدا
١٤ ڕەشەمە ٢٧١٦، ٠١:٥٨
هەنگاو: لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، ٣ کۆڵبەری کورد گیانیان لێ ئەستێندراوە و ٨ کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی )هەنگاو) و بە پشت بەستن بە ئاماری ناوەندی ئاماری ئەم ماڵپەڕە، تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران و ڕنووی بەفر لە ماوەی مانگی دووهەمی زایینی (مانگی ڕابردوو) گیانلەدەستدان و برینداربوونی ١٢ کۆڵبەری کورد و ٢ هاووڵاتیی مەدەنی لێ کەوتووەتەوە.
ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیمی ئێران لەو ماوەیەدا کوژرانی٣ کۆڵبەری کورد و برینداربوونی ٨ کۆڵبەری دیکەی لێ کەوتووەتەوە و هاوکات دوو هاووڵاتیی مەدەنیش بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراو و بریندار کراون.
هەر لەو ماوەیەشدا، کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی ڕنووی بەفرەوە گیانی لەدەست داوە.
ئامارەکان پیشان دەدەن کە لە کۆڵبەرانی قوربانی لەو مانگەدا یەکێک لە برینداران خەڵکی پارێزگای کرماشانە و ئەوانی دیکە سەر بە پارێزگای ئورمیەن.
هەروەها ئەو کۆڵبەرانەش کە گیانیان لە دەست داوە هەموویان خەڵکی پارێزگای ئورمیە واتە شارەکانی سەڵماس، ئورمیە و سەردەشت بوون.
ناسنامەی تەواوی ئەو کۆڵبەرانە لە ناوەندی ئاماری (هەنگاو) تۆمار کراوە.