نەوسوود؛ کوژرانی وەزیر ڕەحیمی، کۆڵبەری تەمەن ٥٧ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران

١٢ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ١٧:٥٦

هەنگاو؛ هەینی ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

کۆڵبەرێکی خەڵکی شارۆچکەی شاهۆی سەر بە شاری ڕوانسەر بە ناوی وەزیر ڕەحیمی، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری شووشمێی نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٣ی جولای ٢٠٢٦)، کۆڵبەرێک بە ناوی وەزیر ڕەحیمی، تەمەن ٥٧ ساڵ، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری «شووشمێ»ی نەوسوود لە مەودایەکی نزیکەوە کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووری و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

وەزیر ڕەحیمی، تەمەن ٥٧ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی گوندی «مەنسوورئاغایی»ی سەر بە شارۆچکەی شاهۆی شاری ڕوانسەرە. ناوبراو بەهۆی هەژاری و نەبوونی هەلی کار، لە ٢٠ ساڵ پێش ئێستاوە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە شاری سنووریی نەوسوود نیشتەجێ ببوو و لەم ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی دابین دەکرد.

بەپێی دوایین زانیارییە گەیشتووەکان لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە، تەرمی ئەم کۆڵبەرە تەمەن ٥٧ ساڵانە دوای گواستنەوەی لە بەرزاییە سنوورییەکان، ئێستا لە ناوەندی دەرمانیی شاری نەوسوود ڕاگیراوە و هێشتا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە