برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە سنوورەکانی بانە و مەریوان
هەنگاو؛ سێشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی محەممەد نادری لە سنووری مەریوان و ئاکۆ ساڵحی لە سنووری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران و هەنگی سنووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١٧ی ژوئهنی ٢٠٢٦)، محەممەد نادری، کۆڵبەری خەڵکی گوندی "سەردۆش"ی مەریوان لە ناوچەی سنووریی «دۆڵەبی»ی مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان بریندار کرا.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، محەممەد نادری لە بەشی قاچەوە بریندار بووە و دوای یەک ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆی باشبوونی باری جەستەیی گەڕاوەتەوە ماڵەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاکۆ ساڵحی، کۆڵبەری خەڵکی بانە ئێوارەی سێشەممە ٢٦ی جۆزەردان لە ناوچەی سنووریی سەیرانبەن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان بریندار کرا.
ئاکۆ ساڵحی کە خیزاندار و باوکی دوو منداڵە، لە بەشی دەستەوە بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری تەورێز گواستراوەتەوە.