مەریوان؛ کوژرانی سیروان خۆشنەمەک، کۆڵبەری تەمەن ۱۸ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران
هەنگاو؛ دووشەممە ۱۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۶
کۆڵبەرێکی گەنج و خەڵکی گوندی «دووماڵ» سەر بە شاری مەریوان بەناوی سیروان خۆشنەمەک، لە کاتی کۆڵبەری لە بەرزاییە سنوورییەکانی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا. ناوبراو دووەمین کۆڵبەرێکە کە لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۱۵ی پووشپەڕی ۲۷۲۶ (۶ی جولای ۲۰۲۶)، کۆڵبەرێکی گەنج بەناوی سیروان (سهلاح) خۆشنەمەک، تەمەن ۱۸ ساڵ، لە کاتی کۆڵبەری لە بەرزاییە سنوورییەکانی وەیسە سەر بە شاری مەریوان، بەبێ هۆشداریی پێشوەخت کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەهۆی سەختیی برینەکانی گیانی خۆی لەدەست داوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، هێزەکانی بنکەی سنووریی وەیسەی مەریوان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاسای بەکارهێنانی چەک، لە مەودایەکی نزیکەوە ئەو کۆڵبەرە ۱۸ ساڵەیان کردووەتە ئامانج و ناوبراو دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.
هەروەها ڕۆژی هەینی کۆڵبەرێکی تەمەن ۵۷ ساڵ و خەڵکی ناوچەی شاهۆی سەر بە شاری ڕوانسەر بەناوی وەزیر ڕەحیمی لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا. ناوبراو باوکی پێنج منداڵ بوو.