درێژەی کوشتنی کۆڵبەران/ باوکێک کە منداڵەکەی نەبینی

١٧ ڕەشەمە ٢٧١٦، ٢٣:٣٠
هەنگاو: لە درێژەی هێرشی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بۆسەر کۆڵبەران، کۆڵبەرێکی خەڵکی ماکۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان کوژرا. بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەری هەنگاو، لاوێکی کوردی خەڵکی ماکۆ، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەمە، لەلایەن هێزەکانی سەر سنوورەوە کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا کوژرا. هەواڵنێری هەنگاو، ناوی ئەو کۆڵبەرە کوردەی "سەعید حەسەن‌ڕاوش" تەمەن ٢٨ ساڵ راگەیاندووە. سەعید خێزاندار و دانیشتووی گوندی "عارەب کەندی"ی سەربە شارستانی ماکۆ بوو کەلە ناوچەی سنووەریی "ئاواجیق" کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم و گیانی لە دەست داوە. ئەو کۆڵبەرە هیچ کۆڵێکی پێ نەبووە و بە بێ ئاگاداریی پێشوو کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران. ناوبراو لە کاتێکدا کوژراوە کە خێزانەکەی دوو گیانە. تەرمی سەعید حەسەن‌ڕاوش لە پزیشکی یاساییی چاڵدران ڕاگیراوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە