برینداربوونی کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە سنووری شاری نەوسوود

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
هێژا شیری، منداڵی کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرا. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٩ منداڵی کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود بریندار کرابوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٩ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، منداڵێکی کۆڵبەری خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی بەناوی هێژا شیری، تەمەن ١٧ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو منداڵە کۆڵبەرە لە بەشی کەمەردا کراوەتە ئامانج و بە گوللەی ئەو هێزانە پێکراوە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا لانی کەم منداڵێکی کۆڵبەر کوژراوە و ١٨ منداڵی کۆڵبەریش بریندار کراون کە نیوەی ئەو حاڵەتانە واتە ٩ حاڵەتیان لە سنووری شاری نەوسوود تۆمار کراون.