ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر خۆکوشتنی منداڵێکی کار دوای دەستدرێژیی سێکسی و باج‌وەرگرتن لەو منداڵە لەلایەن دوو کەس لە شاری قوروە

٣١ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١١:٢٠

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

فەرید سادقی، منداڵی کاری خەڵکی شاری قوروە و منداڵی تەڵاق کە دوو مانگی دیکە چواردەیەمین ساڵی ژیانی خۆی تەواو دەکرد و پێی دەخستە نێو پازدەیەمین ساڵییەوە، بەهۆی دەستدرێژیی سێکسیی دوو کەسی تەمەن ٣٥ و ٥٠ ساڵ و ڤیدیۆ تۆمارکردن و باج‌ستاندنیان لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، لەم دواییانەدا هەوڵی خۆکوشتنی داوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٢ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ بەناوی فەرید سادقی بەهۆی گوشاری دەروونی لە ئەنجامی دەستدرێژیی سێکسی و باج‌وەرگرتنی پارە لەلایەن دوو کەسەوە بەناوەکانی "ح.ت" تەمەن ٥٠ ساڵ و "ک.ع" تەمەن ٣٥ ساڵ لە ماڵی بنەماڵەکەی خۆیدا لە گوندی "چۆمەقڵوو گەنجی" سەر بە شاری قوروە خۆی هەڵواسیوە و بەو شێوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەندامێکی بنەماڵەی سادقی لەو بارەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە: "دوای خۆکوشتنی فەرید و چاولێکردن لە مۆبایلەکەی، زانیومانە کە دوو کەس بەناوەکانی" ح. ت " و "ک.ع" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی "شاد" و"ڕوبیکا" لە یەک ساڵ پێشترەوە بەردەوام هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکیان لێکردووە کە کاتی دەستدرێژیکردن لە ناوبراو تۆمار کراوە. ئەو دوو کەسە ساڵی ڕابردوو چەندین جار ئەو منداڵەیان ناچار بە قبوڵکردنی داوا نامرۆڤی و نائەخلاقییەکانیان و هەروەها باج‌وەرگرتنی ماڵی کردووە."

یەکێک لە دانیشتووانی گوندی "چۆمەقڵوو گەنجی" وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە: "ئێوارەی ڕۆژی ڕووداوەکە، فەرید لەحالێکدا کە زۆر ناڕەحەت بووە چەقۆیەکی بەدەستەوە گرتووە و گوتەیەتی دەچمە گوندی دراوسێ تا ئەو دوو کەسەی کە بەردەوام من ئازار دەدەن بکوژم، لەئاکامدا بە نێوەندگیریی ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندەکە ناوبراویان پەشیمان کردووەتەوە و ناردوویانەتەوە بۆ ماڵێ".

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ڕۆژی ڕووداوەکە، باوک و زڕدایکی فەرید خوشکە بچووکەکەی ناوبراویان کە لاقی سووتابوو، بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بردووەتە شاری قوروە و فەرید لە حاڵێکدا کە کەسێک لە ماڵێدا نەبووە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

شایانی باسە کە، دایک و باوکی فەرید پێنج ساڵ پێشتر لە یەکتر جیا بوونەتەوە و هەردووکیان هاوسەرگیریان کردبۆوە. فەرید تا ساڵی یەکەمی قۆناغی ناوەندی توانیویەتی درێژە بە خوێندنەکەی بدات و دواتر دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و دەستی بە کارکردن کردووە. فەرید لە ساڵی ڕابردووەوە لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی میوە و تەڕەباری تاران خەریکی کارکردن بووە.

بە وتەی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی فەرید، ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٧ی گەلاوێژەوە بۆ دیتنی بنەماڵەکەی لە تارانەوە گەڕابووەوە بۆ قوروە و دوو دەستدرێژکەرەکە دیسان گێچەڵیان پێفرۆشتووە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی خۆکوشتنی فەرید.

بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشان دەدات کە یەکێک لەو دوو کەسە دەستدرێژکەرە، کە هەردووکیان ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی گەلاوێژ لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون، ئامۆزای هاوژینە نوێیەکەی دایکی فەریدە. هەروەها ڕۆژی سێشەممە سکاڵای بنەماڵەی سادقی لە دادگادا تۆمار کراوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، تەرمی فەرید دوای پشکنینی تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەری ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژ لە گوندی زێدەکەی بە خاک سپێردرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە