جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنێکی بەندکراو لە بەندیخانەی کرمان

سزای سێدارەی ژنێکی بەندکراوی بەلووچ بەناوی زەرخاتوون مەزارزێهی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بە

٢٤ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١١:٣٠

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

سزای سێدارەی ژنێکی بەندکراوی بەلووچ بەناوی زەرخاتوون مەزارزێهی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی کرمان جێبەجێکرا. لە ماوەی کەمتر لە یازدە مانگدا لانی کەم ١٦ ژن لەئێراندا لە سێدارە دراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی ژنێکی بەندکراو بە ناوی زەرخاتوون مەزارزێهی، تەمەم ٤٦ ساڵ، خەڵکی سەراوان و دانیشتووی خاش سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە بەندیخانەی ناوەندیی کرمان جێبەجێکرا.

زەرخاتوون مەزارزێهی کە سەرپەرەست و دایکی منداڵێکی کچ بووە، شەش ساڵ لەمەوبەر لە ڕێگەی کرمان_شیراز دەستبەسەرکرابوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، ڕاپۆرتی لە سێدارە درانی ناوبراو لە میدیا حکوەتییەکان بەتایبەت میدیا نزیکەکان لە دادوەریی ئێرانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانی کەم سزای سێدارەی ١٦ ژنی بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێکراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە