سزای سێدارەی چوار بەندکراوی سیاسی کورد جێبەجێکرا

سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی لە کاتێکدا کە دۆسیەکەیان ناڕ

٩ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٠٦:٥٢

 

هەنگاو؛ دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

 

سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی لە کاتێکدا کە دۆسیەکەیان ناڕوون بوو و لە ماوەی ١٨ مانگ دەستبەسەربوونیان لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بوون، لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر پێنجی ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٤)، سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتیحی تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری کامێران، موحسین مەزڵووم تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، وەفا ئازەربار تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان و محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی تەمەن ٢٨ ساڵە و خەڵکی دێولان، لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج جێبەجێکرا. ماڵپەڕی میزان، ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای دادی ئێران ئەم هەواڵەی بە فەرمی پشتڕاستکردووەتەوە.

ئەم چوار بەندکراوە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندان دوای ١٨ مانگ بۆ یەکەمجار و دواجار لە بەندیخانەی ئێڤین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان ئەنجام دابوو. ئێوارەی هەمان ڕۆژ ئەم چوار بەندکراوە بۆ جێبەجێکردنی سزایەکەیان بە چاودێریی چڕی هێزە ئەمنییەکان لە بەندیخانەی ئێڤینی تارانەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج گواسترانەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو وێڕای ئیدانەکردن سزای سێدارەی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە، ڕایدەگەیەنێت کە تەنانەت بەپشتبەستن بە پێوەرە ناوخۆیییەکانی ئێرانیش کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە دۆسیەکەیاندا ڕەچاو نەکراوە. پرۆسەی پێڕاگەیشەن بە دۆسیەی ئەو چوار چالاکە کوردە بەتەواوەتی ناڕوون بووە و لەکاتێکدا سزای سێدارەی داسەپاو بەسەر ئەو چوار بەندکراوە سیاسییەدا لەلایەن دادگای باڵا پەسەند و پشتڕاست کراوەتەوە کە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاریان و تەنانەت پەیوەندیی تەلەفۆنیشیان لەگەڵ نەبووە. لەسێدارەدان بەبێ ڕەچاوکردنی ئەم بنەما سەرەکییانە نەک هەر نامرۆڤانەیە، بەڵکوو بەتەواوەتی لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەکانی مافی مرۆڤی ناتەبایە کە ئێران واژۆی کردووە و پابەندبوونی خۆی بەو پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییانە ڕاگەیاندووە.

ئەم چوار بەندکراوە ٢٧ی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە دادوەریی ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی ''افساد فی الارض'' لەرێگای هاوکاری و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای لە سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەم سزایە لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە دادوەری قاسم مەزینانی لە بێدەنگیدا وەک خۆی پشتڕاست کرابووەوە. هەروەها ئەو چوار کەسە هەر کامەیان بە تۆمەتی دروستکردنی دەستە و گرووپ سزای ١٠ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی ئەندامەتی لە کۆمەڵە سزای پێنج ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو.

ئەم چوار بەندکراوە ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران بوون، ڕۆژی ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٢، لە گوندی "یەنگەجە" لە نزیک ناوچەی سۆمای برادۆستی پارێزگای ئورمییە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون.

میدیاکانی سەر بە حکومەتی لە گەلاوێژی ساڵی ٢٧٢٢، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایانگەیاند کە ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە ئەندامی حیزبی کۆمەڵەن کە " بە چەکەوە لە کاتێکدا لە هەوڵی تەقاندنەوەی دامەزراوە پیشەسازییەکانی ئەسفەهان" بوون دەستبەسەری کردوون.

حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێرانیش دواتر بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی چەواشەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بێ بنەما ناساند و پشتڕاستی کردەوە کە "ئەم سیناریۆیە بۆ سەرکوتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و خۆپیشاندەرەکانە".

شایەنی باسە کە ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە لە ڕۆژانی دەستبەسەر بوونیان بە سەختی ئەشکەنجە کراون و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆیان لەبەردەم کامێرا بوون کە دواتریش دانپێدانانە زۆرەملێکەیان لە میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کرانەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە