بریندار بوونی منداڵێکی کۆڵبەر لە سنووری بانە + ئامار

کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵە بەناوی پەرهام محەممەدی لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی بە توندی بریندار بو

١٩ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٤:٣٣

 

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵە بەناوی پەرهام محەممەدی لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی بە توندی بریندار بوو. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ تاکوو ئێستا ٢٦ کۆڵبەری منداڵ لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی شەممە ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، لە سنووری هەنگەژالی بانە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵە بە ناوی پەرهام محەممەدی خەڵکی دێولان بەسەختی بریندار بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پەرهام محەممەدی هەر دوو پێی بە چەکی ساچمەی بەسەختی پێکراوە ئەم کۆڵبەرە منداڵە بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵی زایینیەوە لایەنی کەم ٢٥ منداڵ لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بوون و کۆڵبەرێکیش کوژراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە