کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری بانە

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی سەید جەعفەر فەرەجی، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێز

٧ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ٢٢:٢٠

 

هەنگاو؛ دووشەممە ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی سەید جەعفەر فەرەجی، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا. کۆڵبەرێکیش بە ناوی سالار بریندار کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی دووشەممە ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٢٦ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، سەید جەعفەر فەرەجی، کۆڵبەری خەڵکی گوندی دەورە قەڵای شاری سەقز لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

سەید جەعفەر فەرەجی تەمەن ٤٢ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، تەرمی ئەم کۆڵبەرە لە ئێستادا بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیووبی لە شاری بانە گواستراوەتەوە.

هاوکات کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەقز بە ناوی سالار کە لەگەڵ سەید جەعفەر بووە بریندار بووە و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی ٢٢ کۆڵبەر لە سنوورەکانی شاری بانە کوژراون و ١١٦ کۆڵبەریش بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە