۳۳ ساڵ دوای تیرۆری میکۆنۆس؛ بەردەوامیی سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا سەرکوتی دژبەرانی سیاسیی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانیش درێژە داوە و سیاسەتی ڕێکخراوانەی لە تیرۆری ئامانجدار، بە بارمتەگرتنی مرۆڤ، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و هەڕەشە لە چالاکانی دوورخراوە، گرتووەتە پێش.
۱۷ی سێپتەمبەری ۱۹۹۲، سێ کەس لە ڕێبەران و کادری باڵای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دکتۆر سادق شەڕەفکەندی (سکرتێری گشتیی حیزب)، فەتاح عەبدولی (ئەندامی لێژنەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە ئەورووپا)، هۆمایوون ئەردەڵان (نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئەڵمانیا) و نووری دێهکوردی (چالاکی سیاسی و وەرگێڕ) لە ڕێستۆرانتی میکۆنۆسی بێرلین لە لایەن گرووپە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژران. ئەو تاوانە درێژەی سیاسەتێک بوو کە پێشتر بەشێوەی «کوشتنە زنجیرەییەکان» و تیرۆری دژبەران لە خاکی کوردستان، عێراق، تورکیا و ئەورووپا جێبەجێ کرابوو.
تیرۆری میکۆنۆس دوای پێنج ساڵ ڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی، لە ۱۰ی ئەپریلی ۱۹۹۷ (۲۱ی خاکەلێوەی ۲۶۹۷) سەپاندنی سزایەکی مێژوویی بەدواوە بوو. لەو سزایەدا:
دادگای بێرلین ڕایگەیاند کە تیرۆری هۆتێلی میکۆنۆس بە پشتڕاستکردنەوە و فەرمانی لێژنەی ئەرکە تایبەتەکان لە سەرترین ئاستی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام دراوە. ئەو لێژنە بریتی لە کاربەدەستانی باڵا بوو و کەسانێک وەکوو عەلی فەلاحیان (وەزیری ئیتلاعاتی ئەو کاتی ئێران) بەشێوەی ڕاستەوخۆ بە فەرماندەری سەرەکیی تیرۆر ناسێندران.
هەروەها بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بە کاربەدەستانی باڵای دیکە، بریتی لە عەلی خامنەیی (ڕێبەری ئێران)، ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی (سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئێران) و عەلی ئەکبەر وێلایەتی (وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئێران) ئاماژە کرا، ئەگەرچی بەهۆی نەبوونی بەڵگەی ڕاستەوخۆ بە ڕاشکاوی وەکوو ئەنجامدەری ئەو تاوانە مەحکووم نەکران.
دادگا جەختی کردەوە کە ئەو تاوانە نە کردەوەیەکی تاکەکەسی، بەڵکوو بەشێک لە سیاسەتی ڕێکخراوانەی سڕینەوەی دژبەرانی سیاسی لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بووە، ڕەوتێک کە لە تیرۆرەکانی دیکە وەکوو کوشتنی عەبدولڕەحمان قاسملوو (۱۹۸۹) و شاپوور بەختیار (۱۹۹۱) بیندراوە.
ئەو سزایە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، دادگایەکی ئەورووپایی بە تۆمەتبارکردنی حکومەتێک (کۆماری ئیسلامیی ئێران) بە ڕێکخستنی تیرۆریسمی دەوڵەتی ناچار کرد.
ئەو سزایە خاڵی وەرچەرخانێک لە مێژووی مافە نێودەوڵەتییەکان بە ئەژمار دێت، بەو هۆیەوە کە بنەمای بەرپرسیارکردنەوەی حکومەتێکی لە پێناو تاوانەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەی خستە بەرچاو و نیزامی یاسایی ئەورووپا مانای تیرۆریسمی ڕێکخراوانەی حکومەتیی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی ناساند. ئەو بڕیارە قەیرانێکی دیپلۆماتیکی لێ کەوتەوە و یەکێتیی ئەورووپا بەشێوەی کاتی کۆتایی بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئێران هێنا.
تیرۆری میکۆنۆس کۆتایی کار نەبوو، بەڵکوو بەشێکی بچووک لە سیاسەتێکی بەرفراوانتر بوو کە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. بەڵگەکان دەریدەخەن کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا:
دەیان چالاکی کورد، بەلووچ، عەرەب و دژبەرانی دیکەی لە خاکی هەرێمی کوردستان و تورکیا تیرۆر کردووە یان هەوڵی تیرۆرکردنیانی داوە.
لە ئەورووپا و ئەمریکا، چەندین جار هەوڵی ڕفاندن و داڕشتنی پلەنی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤی داوە.
بەشێوەی ڕێکخراو هەوڵی لەنێوبردنی کەسایەتی، هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و شەڕی دەروونی دژ بە چالاکانی مافی مرۆڤی داوە و ناوەندە سەربەخۆکان و چالاکان بە ئاشکرا کراونەتە ئامانج.
ئەو کردەوانە نیشان دەدەن کە سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی پلەنێکی یەکلاییکراوە نییە، بەڵکوو ستراتێژییەکی فەرمیی دەزگای ئەمنی و سیاسیی ئێران بە مەبەستی بیدەنگکردنی ڕەخنەگرانە.
دۆسیەی میکۆنۆس سەلماندی کە کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگای نیزامە دادوەرییە نێودەوڵەتییەکانەوە بەشێوەی یاسایی دەتوانن بەرپرسیار بکرێنەوە. سەرەڕای ئەوەش نەبوونی بەدواداچوونی بەردەوام و هاوئاهەنگی لە ئاستی کۆمەڵگای جیهانی دوای ئەو دۆسیە، بەردەوامیی تیرۆرە دەوڵەتییەکانی بەدواوە بووە.
بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان:
دەوڵەتەکان دەتوانن لە بنەمای دەسەڵاتی دادوەریی جیهانی (Universal Jurisdiction) بە مەبەستی بەدواداچوونی پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ، بریتی لەو کەسانەی تیرۆرە دەوڵەتییەکان ئەنجام دەدەن کەڵک وەرگرن، ئەگەرچی ئەو بنەمایە پەیوەندیی بە یاسا نێوخۆییەکانی وڵاتەکانەوە هەیە.
میکانیزمی شوورای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بریتی لە هەواڵنێرانی تایبەت (وەکوو هەواڵنێری تایبەتی پرسی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران)، پێویستە چالاکانە بۆ بەڵگەمەندکردنی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و گوشار بە مەبەستی بەرپرسکردنەوەی کۆماری ئیسلامی بەکار بهێندرێن.
کۆمەڵگای جیهانی دەتوانێت لە گەمارۆی ئامانجدار، وەکوو گەمارۆی مافی مرۆڤی یەکێتیی ئەورووپا یان یاسای ماگنیتسکی دژ بە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە کەڵک وەرگرێت، هەرچەند کە هەندێک کێشەی وەکوو ڕەچاونەکردنی گەمارۆکان یان ڕێکنەکەوتنی سیاسی بوونیان هەیە.
۳۳ ساڵ دوای تیرۆری میکۆنۆس، کۆماری ئیسلامی هێستا لە سیاسەتی سەرکوت لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت. هەنگاو وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی قوربانییانی ئەو تاوانە مێژووییە، پێداگری دەکاتەوە کە گرنگینەدان بە سیاسەتی سڕینەوەی فیزیکیی دژبەران، مەترسیی دووپاتبوونەوەی تراژێدییەکان وەکوو میکۆنۆس زیاتر دەکاتەوە. بەرپرسیارێتی کۆمەڵگای جیهانی لەو قۆناغەدا، بەرخۆدان بەرانبەر بە تیرۆری حکومەتی و پاڵپشتیی تەواو لە چالاکانی سیاسی و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤە کە ئەمڕۆ لە ئەوروپا، ئەمریکا و ناوچەکە لەگەڵ هەرەشەی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕوون.