سنووری نەوسوود؛ لە ١٢ ڕۆژدا ٣٤ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی

سنووری نەوسوود؛ لە ١٢ ڕۆژدا ٣٤ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی

09:01 - 24 April 2022

 

هەنگاو: سێ کۆڵبەری دیکە لە سنووری نەوسوود بوونە قوربانی و بەمەش لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا لەو سنوورە ٣٤ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی شەممە ٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ (٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢)، لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە سنووری نەوسوود سەر بە پارێزگای کرماشان دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ئیسماعیل سەبوک ڕوو خەڵکی ڕوانسەر و ئیحسان کەرەمی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بریندار بوون.

هەمان ڕۆژ، کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی محەممەد مورادی لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان بە شوێنییەوە بوون و ویستوویەتی کە خۆی دەرباز بکات بەربووەتەوە و بە سەختی بریندار بووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٢ ڕۆژی ڕابردوودا (٢٣ی خاکەلێوە هەتا ٣ی بانەمەڕ)، لانی کەم ٣٤ کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود بوونەتە قوربانی کە یەکێکیان گیانی لە دەست داوە. ٦ کۆڵبەر بە هۆی ڕووداوی سروشتی و ٢٨ کۆڵبەر واتە ٨٢.٢٪ی کۆی حاڵەتەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی.