کۆڵبەرێکی ١٥ ساڵە بە هۆی بەربوونەوە لە چیا گیانی لە دەست دا

09:57 - 12 March 2019

 

هەنگاو: لە سنوورەکانی هەورامان کۆڵبەرێکی مێرمنداڵ لەکاتی کۆڵبەری و بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرێکەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ / ١١ی مارسی ٢٠١٩)، کۆڵبەرێکی مێرمنداڵ لە سنوووری هەورامان و لە بەرزاییەکانی ملەی تەتە لەکاتی کۆڵبەری بەر بووەتەوە و گیانی لە دەست داوە.

ناسنامەی ئەو کۆڵبەر ەکە تەنیا ١٥ ساڵ تەمەنی هەبووە ”ئەفشار سەیادی نیاز“  کوڕێ خالید خەڵکی مەریوان ڕاگەیەندراوە. باوکی ئەو کوڕە کەم ئەندامە و ڕیژەی کەم ئەندامییەکەی ٧٠٪ی جەستەی دەگرێتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ی زایینییەوە لانیکەم ٩ کۆڵبەر بە هۆی ڕووداوی سرووشتی وەکوو سەرما، بەربوونەو لەچیا و هاتنی ڕنوو گیانیان لە دەست داوە.