منداڵێک لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری بانە ڕەقی بردەوە

جارێکی دیکە کۆڵبەرێکی منداڵ بە ناوی هیوا ئیختیارەدینی، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری بانە بەهۆی سەرماوە ڕەقی بردەوە و گیانی لەدەست دا.

٢٩ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٤:٥١


هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٢

جارێکی دیکە کۆڵبەرێکی منداڵ بە ناوی هیوا ئیختیارەدینی تەمەن ١٦ ساڵ، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری بانە بەهۆی سەرماوە ڕەقی بردەوە و گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٩ی جەنیوەری ٢٠٢٣) هیوا ئیختیارەدینی، کۆڵبەری تەمەن ١٦ ساڵ، لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە و لە کاتی کۆڵبەریدا بەهۆی سەرمابردووییییەوە گیانی لەدەست دا.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هیوا ئیختیارەدینی، خەڵکی شارەدێی "ئارمردە"ی شاری بانەیە و بە هۆکاری تاریکییەوە لە ڕێگە سەری لێ دەشێوێت و ڕێگە ون دەکات و لە هاوڕێکانی جیا دەبیتەوە، هەر بەم هۆیەشەوە گیانی لەدەست داوە.


بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، کۆڵبەرێکی مێرمنداڵی دیکە چووەتە کۆما و تاکوو ئێستا ناسنامەی بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە.


بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا لانی کەم ٢٩٠ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ١١ کەسیان منداڵ و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە