ڕفاندنی لانی کەم ١٢ هاووڵاتیی لە شاری سنە و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان لە ماوەی دوو حەفتەدا

لە ماوەی ٤ تاکوو ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لانی کەم ١٢ هاووڵاتیی لە شاری سنە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون. ناسنامەی ئەو کەسانە بریتین لە: ڕەزا فەهیم، ئاسۆ مورادی،

٢٤ بەفرانبار ٢٧٢٢، ٢١:٥٨


هەنگاو: شەممە، ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢

لە ماوەی ٤ تاکوو ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لانی کەم ١٢ هاووڵاتیی لە شاری سنە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون. ناسنامەی ئەو کەسانە بریتین لە: ڕەزا فەهیم، ئاسۆ مورادی، فاتمە مورادی، کامران محەممەدی، ساحیب ئەحمەدی، ئیبراهیم کەریمی، وریا قەمەری، سەیوان ئیبراهیمی، ڕێبوار نەجەفیان، موختار ساعیدی، موحسین سوهرابی و ئومێد مەولایی کە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٠ جەنیوەری ٢٠٢٣)، دوو خوێندکاری زانکۆی تەکنیکیی (فنی) کچانەی شاری سنە بە ناوەکانی ئاسۆ مورادی، خەڵکی سەلاسی باوەجانی و فاتمە مورادی، خەڵکی شاری ئیلام و هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ڕەزا فەهیم، تەمەن ٣۶ ساڵ و دانیشتووی شاری سنە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون.


پێشتریش لە ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٢، زانیار ساعیدی تەمەن ٢٣ ساڵ، لە شارۆچکەی "سەعدی"ی شاری سنە ڕفێندراوە و هاوکات دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی کامران محەممەدی، خەڵکی گەڕەکی "حاجی‌ئاوا"ی شاری سنە و ساحیب ئەحمەدی، لە شارۆچکەی "نەنەڵە"ی ئەو شارە، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراون.


هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢، وریا قەمەری و خەڵکی شاری سنە، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.


لە ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی بەفرانبار، سەیوان ئیبراهیمی، چالاکی فەرهەنگی لە کاتێکدا بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هاوژینەکەی بە ناوی "زارا محەممەدی"، مامۆستای ناسراوی زمانی کوردی چووبوو بۆ دادگای حکوومەت لە شاری سنە، دەستبەسەر کرا و پاش سێ ڕۆژ ئازاد کراوە.


لە ماوەیەدا ڕێبوار نەجەفیان، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەو ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.


هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٢، موحسێن سوهرابی، پزیشکی نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراون. هاوکات موختار ساعدی، دانیشتووی شاری سنە، بە شێوەیەکی دڕندانە و لێدان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتەکانی پێشتری هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢، ئومێد مەولایی و هاووڵاتیی دانیشتووی گەڕەکی "نەنەڵە"ی شاری سنە، لە بازگەی پشکنینی سەڵەواتاوا لەنێوان شارەکانی دێولان و سنە ڕفێندراوە و تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.


تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس، بارودۆخ، دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانیان، هەروەها تۆمەتی ١١ کەس لەو هاووڵاتییانە، لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە