داواکاریی بارمتەی ١۵ ملیار تمەنی بۆ ئازادکردنی دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەت لە بەندیخانەی نەغەدە

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ ئازادکردنی کاتیی دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەت بە ناوەکانی عەبدوڵڵا قەنبەریوەند و مەحموود قەنبەریوەند، خەڵکی شاری

٥ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٧:٢٦


هەنگاو: هەینی، ٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ ئازادکردنی کاتیی دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەت بە ناوەکانی عەبدوڵڵا قەنبەریوەند و مەحموود قەنبەریوەند، خەڵکی شاری پیرانشار لە بەندیخانەی نەغەدە، داوای بارمتەی ١۵ی ملیار تمەنی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی؛ عەبدوڵڵا قەنبەریوەند و مەحموود قەنبەریوەند، دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەتی خەڵکی شاری پیرانشار، ماوەی سێ حەفتەیە لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری ئورمیە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە نەغەدە گواستراونەتەوە.

بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە لە بواری ماڵییەوە ناتوانن ئەو بارمتە ١۵ملیۆن تمەنییە کە دەزگای دادوەریی حکوومەت بۆ ئازادکردنی کاتیی ناوبراوان داوای کردووە و بڕێکی قورسیشە، دابین بکەن و بۆیان دابین ناکرێت. جێگای ئاماژەیە کە بۆ ئازادیی مەحموود قەنبەریوەند داوای بارمتەی ١٠ ملیاری و بۆ ئازادی براکەی داوای بارمتەی پێنج ملیاری کراوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو برایە لە ماوەی دەستبەسەربوون، لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیاندا لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە، بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزەکانی ئەو ناوەندانەدا بوون.


عەبدوڵڵا قەنبەریوەند، تەمەن ٤٩ ساڵ و مەحموود قەنبەریوەند، تەمەن ٤۶ ساڵ، دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەت و خەڵکی شاری پیرانشار، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ماڵەکەی خۆیاندا ڕفێندراون و پاش ماوەیەک لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە هاوکات لەگەڵ ئەشکەنجەی دڕندانە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە نەغەدە گواستراونەتەوە.


هەنگاو پێشتر لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری خۆیەوە بڵاوی کردەوە: "لە ڕەوتی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە، یەکەیەکی ٢۵ کەسیی ئەو هێزانە ڕژاونەتە سەر بنەماڵەکانیان و دۆخێکی تۆقێنەر و ترسێنەریان بەسەر ئەو بنەماڵانەدا زاڵ کردووە و هەروەها دەستیان بەسەر مۆبایلەکانی ئەندامانی بنەماڵەی ئەو دوو کەسەیاندا گرتووە".
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە