دەستبەسەرکرانی فەرشاد ئەحمەدی، خەڵکی دێهلۆڕان بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی

فەرشاد ئەحمەدی، خەڵکی دێهلۆڕان کە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی تاران سزای ٢ ساڵ بەندکران و ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵسەپێندراوی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێ

١٧ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٧:٤٩


هەنگاو: یەکشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

فەرشاد ئەحمەدی، خەڵکی دێهلۆڕان کە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی تاران سزای ٢ ساڵ بەندکران و ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵسەپێندراوی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی "ئێڤین" گواستراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٦ی جەنیوەری ٢٠٢٣) فەرشاد ئەحمەدی، خەڵکی دێهلۆڕان بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران، دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن دادگای جێبەجێکردنی سزاکان، بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواستراوە.


ئەم هاووڵاتییە، پێشتر لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر " سەڵەواتی" ناسراو بە "دادوەری مەرگ"، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پلانگێڕی بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای ٢ ساڵ بەندکران و ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵسەپێندراوی بەسەردا سەپێندرا.


ناوبراو کە لە بواری میوزیکیشدا چالاکە، لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا، لە مافە سەرەتاییەکانی وەک مافی هەبوونی پارێزەر و دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکان لە بەندیخانە بێ بەری بووە.


فەرشاد ئەحمەدی، بانەمەڕی ٢٧٢٢ لە تاران دەستبەسەرکرا و ٣١ ڕۆژی لە بەندە تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی ئێڤین تێپەڕاند. هەروەها ناوبراو پێشتر لە ساڵی ٢٧١٧، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرابوو و بۆ بەندی پێنجی ئەمنییەتی بەندیخانەی ئەلحەواز گواسترابووەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە