خالید مەحموودی خەڵکی ڕوانسەر پاش ٤ مانگ بەندکردن بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

خالید مەحموودیان، لاوی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری ڕوانسەر و دانیشتووی جوانڕۆ کە لە ڕاپەڕینی جەماوەریی ئەو شارە و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندرابوو، پاش

٦ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ٢٢:٤٩


هەنگاو: یەکشەممە، ۶ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

خالید مەحموودی، لاوی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری ڕوانسەر و دانیشتووی جوانڕۆ کە لە ڕاپەڕینی جەماوەریی ئەو شارە و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندرابوو، پاش زیاتر لە چوار مانگ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە کرماشان (دیزڵ‌ئاوا) ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ۶ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٢۶ی مارسی ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری ڕوانسەر بە ناوی خالید مەحموودی و تەمەن ١٨ ساڵ، پاش ئەوەی کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی جەماوەریی شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە و ماوەی چوار مانگ دەستبەسەر بووە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە خەڵکی گوندی "شانڕەش"ی سەر شاری ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشانە و ڕۆژی ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە، بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکان لە کرماشان گواستراوەتەوە.


شایانی باسە کە ئەو لاوە تەمەن ١٨ ساڵە، لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لەژێر ئەشکەنجەی هێزە حکوومەتییەکاندا بە شێوەی ناچاری لە پێش کامێرای حکوومەتییەوە دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە و پاشان لە دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو بووەتەوە.


هەروەها، خالید مەحموودی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاریدا بێبەری و بێبەش کراوە و لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بە هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە