پەناخوازێکی کورد پاش ئەوەی لە تورکیا دیپۆرتی سووریا کراوە، گیانی لە مەترسیدایە

ناسر سەیدی، چالاکی سیاسی، پەناخوازێکی کورد و خەڵکی شاری بۆکان، پاش ئەوەی کە لە وڵاتی تورکیا دیپۆرتی وڵاتی سووریا کراوە، گیانی لە مەترسیدایە.

٧ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ٢٠:٣٣


هەنگاو: دووشەممە، ٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

ناسر سەیدی، چالاکی سیاسی، پەناخوازێکی کورد و خەڵکی شاری بۆکان، پاش ئەوەی کە لە وڵاتی تورکیا دیپۆرتی وڵاتی سووریا کراوە، گیانی لە مەترسیدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ چارەنووسی ناسر سەیدی، تەمەن ٤٠ ساڵ، چالاکی سیاسی و خەڵکی شاری بۆکان، پاش ئەوەی کە لە وڵاتی تورکیا بۆ شاری "ئەغزاز"ی پارێزگای حەلەبی سووریا دیپۆرتی کراوە، چارەنووسی ناڕوونە و بەهۆی دۆخی نائەمنی ئەو ناوچەیە گیانی ناوبراو لە مەترسیدایە.

ئەو پەناخوازە کوردە سێ حەفتە پێش ئێستا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی تورکیاوە ڕەوانەی شاری ئەغزاز کراوە و بەهۆی چالاکیی گرووپە توندڕەوەکان لەو ناوچەیە، ئەگەری نیشتەجێبوونی لەو ناوچەیە یان گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان یان گرتنەبەری ڕێگەکەی پێشووتری نییە.

ناسر سەیدی، سێ مانگ پێش هەوڵی داوە خۆی بگەیەنێتە ئەورووپا و لە وڵاتێکی ئەورووپیدا نیشتەجێ ببێت، کە لەلایەن هێزەکانی سنوور پارێزیی وڵاتی بولگاریا دەستبەسەر کراوە و ڕادەستی هیزەکانی سنوور پارێزیی تورکیا کراوە.

ناوبراو پاش دوو مانگ بەندکردن لە سێ بەندیخانەی تورکیا، لە کۆتاییدا لەلاین هێزەکانی ئەو وڵاتەوە دیپۆرتی سووریا کراوە و هەنووکە لە شوێنێکی نائەمندایە.

شایانی باسە کە هێزەکانی تورکیا دەستیان بەسەر هەموو بەڵگە کەسێتییەکانی ئەو پەناخوازە کوردە، پارە، مۆبایل و کەلوپەلەکانی دیکەی ناوبراودا گرتووە و پاشان دیپۆرتی سووریایان کردووە.

جێی ئاماژەیە کە ئەو چالاکە سیاسییە کوردە پێشتر لە هەرێمی کوردستان ئەندامی حیزبێکی کوردستانیی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و ساڵی ٢٠١۵ لە ڕێگەی تورکیاوە هەوڵی دا خۆی بگەیەنێتە ئەورووپا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە