بەیاننامەی پشتگیری لە مافی چالاکان و پەنابەرانی سیاسیی کورد لە هەرێمی کوردستان

١٧ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢٢:٣٢

هەنگاو؛ شەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٤

پلاتفۆرمی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران کە پێکهاتووە لە ڕێکخراوی هەنگاو و پێنج ڕێکخراوی دیکە لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا ویڕای شەرمەزارکردنی گواستنەوەی کەمپی بەشێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و ڕادەستکردنەوەی پەنابەرێکی سیاسیی کورد لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بە ئێران،  داوای دەستبەرکردن و پاراستنی مافی ئەو پەنابەرانە دەکات.

دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکە بە شێوەی خوارەوەیە؛

بەیاننامەی پشتگیری لە مافی چالاکان و پەنابەرانی سیاسیی کورد لە هەرێمی کوردستان

ئێمە ڕێکخراوەکانی واژۆکەری ئەو بەیاننامەیە، نیگەرانیی قووڵی خۆمان سەبارەت بە بارودۆخی ئەستەم و مەترسیداری پەنابەرانی سیاسی، ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و بنەماڵە نیشتەجێبووەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە لەم دواییانەدا لە ڕووی ناچار و بە زۆرەملی لە جێگای نیشتەجێبوونی خۆیان لە زڕگوێز لە نزیک شاری سلێمانی بۆ کەمپێکی ناوچەی سوورداش ڕاگوێزراون، دەردەبڕین.

ئەم ڕاگواستنە کە دوابەدوای ڕێککەوتنێکی ئەمنی نێوان حکوومەتەکانی عێراق و ئێران جێبەجێ کراوە، نیگەرانییەکی جیددی سەبارەت بە پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانیان وەکوو خەڵکێکی مەدەنی و پەنابەری سیاسی دەخولقێنێت.

ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەو پەنابەرانە و بنەماڵەکانیان، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی کۆنڤانسیۆنی ژنێڤ کە پەیوەندیی بە دۆخی پەنابەرانەوە هەیە؛ مافی پارێزگاری و ژیانێکی مرۆیی و ڕێزگرتنی کەسایەتییان پێ دەدا.

هەروەها ڕادەستکردنەوەی بێهزاد خوسرەوی پەنابەری کورد و ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان بە دەزگا ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن دەزگای ئاسایشی شاری سلێمانییەوە بە توندی شەرمەزار دەکەین و نیگەرانیی خۆمان لە دۆخی ناوبراو دەردەبڕین.

دۆخی پەنابەران و چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان ئەوە دەخوازێت کە بەپەلە، نەک تەنیا بۆ پاراستنی مافەکانیان، بەڵکوو بۆ دڵنیابوون لەوەی کە نەبنە قوربانیی یارییە سیاسییەکان و ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی ناوچەکە ڕێکاری تایبەت بگیردرێتە پێش.

بۆیە ئێمە وەکوو پلاتفۆرمی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران، لەو بارەیەوە داوامان لە حکوومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە کە:

١- سەلامەتی و ژیانی ئاسایی سەرجەم هاوڵاتیانی مەدەنی بەتایبەت ژنان و منداڵانی  ڕاگوێزراو مسۆگەر بکەن. زۆر گرنگە لەم که‌مپه‌ نوێیەدا ڕێز لە مافە سەرەتاییەکانیان بگیردرێت و بپارێزرێن.

٢- ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئیران و بنه‌ماڵه‌کانیان وەک پەنابەری سیاسی پێویستە پارێزگاریی نێودەوڵەتییان هەبێت لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی جەستەیی یان دەروونییان. داوا لە دەسەڵاتداران دەکەین ڕێز لە پێگەی ئەو چالاکانە وەکوو پەنابەری سیاسی بگرن و دڵنیا بن لەوەی کە بەهۆی ڕێککەوتنە ئەمنییەکانەوە ژیانیان نەخرێتە مەترسییەوە.

٣- داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبه‌ت ده‌زگای ئه‌منیه‌تی هه‌رێمی کوردستان دەکەین بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پەنابەرانە بکەن و ڕێز لە کەسایەتی و مافە مرۆییەکانیان بگرن.

ئێمە پاڵپشتی خۆمان بۆ خەڵکی مەدەنی و پەنابەرە سیاسیەکانی کورد کە بەهۆی زەخت و گوشاری ئێران لە ڕووی ناچاری ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون دووبارە دەکەینەوە و بەدواداچوونی بەردەوام  بۆ بارودۆخی خەڵکە ڕاگوێزراوەکە لە کەمپی سوورداش دەکەین و لەو بارەوە لەگەڵ ناوەندە جیهانییەکان لە پەیوەندیدا دەبین.

پلاتفۆرمی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران کە بریتین لە:
ڕێکخراوی جیهانی کورد
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو 
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
کوردستان تریبۆناڵ 
ناوەندی پەیامنێرانی مافی مرۆڤی کوردستان 
ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ

٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٤

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە