دۆخی نالەباری ژن و مێردێکی گەنجی پەنابەر لە تورکیا؛ قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن و ئەگەری دیپۆرتکردنەوە
هەنگاو؛ دووشەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
ڕەشاد محەممەدی و ئەژین حوسێنی (فەهمیدە)، ژن و مێردێکی پەنابەری سیاسی کورد کە نزیکەی هەشت مانگی پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستبەسەرکراون، لە کەمپی نیشتەجێبوونی کاتی لە دۆخێکی نالەباردان و مەترسی دیپۆرتکردنەوەیان لەسەرە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕەشاد محەممەدی چالاکوانی سیاسی خەڵکی کامێران لەگەڵ ئەژین حوسێنی هاوسەری خەڵکی سەوڵاوا لە کەمپی "پەهلەوان کۆی" لە شاری ئەدرێنای تورکیا لە بارودۆخێکی سەختدا ڕاگیراون.
بە وتەی ئەژین حوسێنی، ناوبراو لە مانگی ڕابردوودا کە جارێکی دیکە بۆ ئەم کەمپە گواستراوە، تەنها جارێک هاوسەرەکەی کە بە تەنیا لە ژوورێکدا ڕاگیراوە، چاوپێکەوتنی لەگەڵی بووە.
هەنگاو پێشتر لەسەر ئەم بابەتە نووسیبووی، پۆلیسی تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵدا و تەنیا چەند ڕۆژێک دوای گواستنەوەی ئەو دوو پەنابەرە بۆ کەمپی دیپۆرتکردنەوە، ناچاریان کردوون پەنجەمۆر و واژۆکانیان تۆمار بکەن و ئەگەری دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ئێران هەیە.
ئەژین حوسێنی تەمەن ٣٠ ساڵ و ڕەشاد محەممەدی تەمەن ٣٤ ساڵ لە ساڵانی ڕابردوودا وەک چالاکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ژیاون و بەهۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکانەوە ناچاربوون هەرێمی کوردستان جێ بهێڵن.
ئەم ژن و مێردە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەرکران و دوای چەند جار گواستنەوە، تا ئێستاش لە کەمپەکەدان و بارودۆخیان ڕوون نییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵ لە ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی ئەم ژن و مێردە کوردە بۆ ئێران و ئەگەری ئەشکەنجە و هەر سزایەکی نامرۆڤانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، خوازیاری سەرنجی خێرای ڕێکخراوەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی پشتیوانی لە پەنابەرانە.