یەک ساڵ ناڕوونی چارەنووس؛ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ژاکان باران، چالاکی سیاسی و مافی مرۆڤی

٢ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ٢٢:٤٤

چواری خاکەلێوەی ۲۷۲۴، یەک ساڵ لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ژاکان باران، چالاکی سیاسی و مافی مرۆڤی کورد تێدەپەڕێت. لە کاتی بێسەروشوێنبوونی ژاکان تا ئێستا، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی بنەماڵەکەی و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو دەست نەکەوتووە.

هەڕەشە ئەمنییەکان و ناچاربوون بە بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان

حوسێن باقری، ناسراو بە ژاکان باران، تەمەن ۴۲ ساڵ، لە هاوکارانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و چالاکی سیاسیی خەڵکی ئیلام، لە ڕێکەوتی ۱۴ی ڕەشەممەی ۲۷۲۳ بەهۆی هەڕەشەی ئەمنیی ڕاستەوخۆ لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ناچار بە بەجێهێشتنی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرا. ژاکان دەیویست لە ڕێگای سنوورەکانەوە بەشێوەی نایاسایی بچێتە تورکیا و دواتر خۆی بە وڵاتێکی ئەمن لە ئەوروپا بگەیێنێت.

دوایین پەیوەندیی ژاکان باران نیشان دەدات کە پاش چەند ڕۆژ هەوڵدان، لە تێپەڕبوون لە سنوورەکان بەجێ ماوە و کوتبووی دەمانهەوێت بگەڕێینەوە بۆ سۆران (شارێکی سنووری لە هەرێمی کوردستان). دوای ئەو پەیوەندییە، هیچ شوێنەوار و نیشانەیەک لە ژاکان لەبەر دەستدا نییە.

ژاکان باران پێش بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان، ڤیدیۆیەکی تۆمار کردووە و لەوێدا ئاماژەی بە ناوی ئارام مورادی کردووە کە بەرپرسی تێپەڕاندنی لە سنوور بووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆ بەو مانایە کە ئەو کەسە یان کەسانی نزیک لەو، کێشەیەکیان بۆ ساز کردووە.

 

هەندێک بەڵگە لە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بێسەروشوێنکردنی ژاکان باران

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەپێی بەڵگە و بەدواداچوونەکانی خۆی کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسی سەرەکیی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ژاکان باران دەزانێت.

ئەو کەسەی ژاکانی بە تێپەڕبوونی نایاسایی لە سنوور ڕازی کردووە، بەپێی زانیارییە بڕواپێکراوەکان لە هێزەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.

ئەو کەسە دوای بەدواداچوونی کەسوکارانی ژاکان، هەڕەشەیانی لێ کردووە و بێڕێزیی پێکردوون و لە دوایین وتەکانیدا کوتویەتی ژاکان باران گەڕاوەتەوە ئێران و ئێستا لە ئیلامە، وتەیەک کە هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی نییە و بنەماڵەکەی تا ئێستا زانیارییەکیان لەسەر بارودۆخی نییە.

 

هەڕەشە، بە بارمتەگرتنی بنەماڵە و سیاسەتی چەوساندنەوەی ڕێکخراوانە

ژاکان باران، بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکانی و ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان لە پارێزگای ئیلام لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی کوشتن و ڕفاندنی لێ کرابوو.

لە نموونەیەکی ئاشکرای هەڕەشەکردنی فەرمی لە ناوبراو، عەبدولوەهاب بەخشەندە، داواکاری گشتیی پارێزگای ئیلام، لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێراندا، هەڕەشەی دەستبەسەرکردن و سزادانی لە ژاکان باران کردبوو.

 

سیاسەتی بە بارمتەگرتنی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی بۆ ژاکان بارانیش جێبەجێ کرا:

لە گەرمەی خۆپیشاندانەکاندا، هێزە ئەمینییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خوشک و برای ژاکان باران، حەسەن باقری (تەمەن ۳۸ ساڵ) و فەریبا باقری (۳۵ ساڵ) لە مەلەکشایی ڕفێندران و بەمەبەستی بێدەنگکردنی ژاکان لەژێر گوشار داندران.

ئەو کردەوە، نیشانەیەک لە سزادانی بەکۆمەڵ و پێشێلکردنی ئاشکرای کۆنڤانسیۆنە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤە.

 

هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستی بەدواداچوون لەسەر بارودۆخی ژاکان باران

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی یەک ساڵی ڕابروودا، لە ئێران، هەرێمی کوردستان و ئاڵمانیا بۆ دیتنەوەی شوێنەوارێک لە چارەنووسی ژاکان باران بەدواداچوونی کردووە.

لە ماوەی مانگانی ڕابردوودا، هەندێک زانیاریی بڕواپێکراو بەدەستی هەنگاو گەیشتوون کە دەیسەلمێنن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران، ژمارەیەک لە چالاکان و دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادییان لە ئیلام بانگ کردووە و ئاگاداریان کردوونەتەوە کە لە ئەگەری درێژەدان بە چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکانیان "چارەنووسێکی هاوشێوەی ژاکان بارانیان دەبێت، بەشێوەیەک کە تەنانەت تەرمەکەشیان نەبیندرێتەوە."

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هەنگاو داوای لە نوێنەرانی پارلەمانی ئاڵمانیا کردووە کە بەمەبەستی دەستکەوتنی زانیاری لەسەر چارەنووسی ژاکان باران لە ڕێگای دەوڵەتی ئەو وڵاتەوە گوشار بخرێتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، حکومەتی تورکیا و هەرێمی کوردستان.

 

پێشینەیەک لە دەستبەسەرکران، ئەشکەنجەدران و چەوساندنەوەی ژاکان باران

یەکەمین دەستبەسەرکران: لە ڕێکەوتی ۲۵ی سەرماوەزی ۲۷۱۷ لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی لە ئیلام، بە تۆمەتی «کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی» و «بێڕێزی بە پیرۆزییەکان» دەستبەسەر کرا.

دووەمین دەستبەسەرکران: مانگێک دواتر بە تۆمەتی هاوشێوەی جاری پێشووی دەستبەسەر کرا و دیسان بە دانانی بارمتە ئازاد کرایەوە.

سێهەمین دەستبەسەرکران: ۲۸ی ڕەشەممەی ۲۷۱۸، لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سەرکوتی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە مەلەکشایی دەستبەسەر کرا و دوای ۱۰ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، لە ڕێکەوتی ۱۸ی خاکەلێوەی ۲۷۱۹ ئازاد کرا.

 

کۆچی زۆرەملێ: بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەمان ساڵدا ناچار بە بەجێهێشتنی ئێران و پەنابردن بۆ هەرێمی کوردستان کرا.

ژاکان باران کە لە کاتێکدا کە ۱۷ ساڵی بووە بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ تووشی نوقسانی جووڵەیی هاتبوو، درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا. ناوبراو بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە بارودۆخی پەنابەران لەدوای ئەوەی پەنابەرێک ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، لێوی خۆی دووریبۆوە و مانی لە خواردن گرتبوو.

لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» ژاکان باران ڕۆڵێکی کاریگەری لە ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان و گەیاندنی زانیاری لەسەر سەرکوتکردنەکان، کوژراوەکان و دەستبەسەرکراوانی پارێزگای ئیلام هەبوو.

 

تۆمەتباربوونی کۆماری ئیسلامی بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ

بەپێی ماددەی ۲ی کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتیی پاڵپشتی لە سەرجەم هاووڵاتییان بەرانبەر بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، هەرچەشنە ڕفاندنی هاووڵاتییەک، بێبەشکردنی لە پاڵپشتیی یاسایی و ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر چارەنووس یان شوێنی ڕاگرتنی، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و تاوانێکی نێودەوڵەتییە.

هەنگاو بەپێی ئەو بەڵگانەی بەردەستن، کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ژاکان باران دەزانێت و داوای کردەوەی دەستبەجێی نێودەوڵەتی بەمەبەستی ڕوونبوونەوەی چارەنووسی ناوبراو دەکات.

 

داواکارییەکان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی

۱.⁠ ⁠پێویستە دەوڵەتە ئەوروپاییەکان، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای بڵاوکردنەوەی زانیاریی ڕوون لەسەر چارەنووسی ژاکان باران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بکەن.

۲.⁠ ⁠لیژنەیەکی سەربەخۆی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان بەمەبەستی بەدواداچوون لەسەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ناوبراو ساز بکرێت.

۳.⁠ ⁠گوشارە دیپلۆماتیک و یاساییەکان دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ زیاتر بکرێتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پێبەندە کە تا ڕوونبوونەوەی چارەنووسی هاوکارەکەی لە سەرجەم هێزی یاسایی و میدیاییەکانی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کەڵک وەربگرێت. ئەو ڕێکخراوە هەوڵەکانی خۆی بەمەبەستی گوشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامی، دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان درێژە دەدات و لە سەرجەم ناوەندە مافی مرۆڤییەکان، دەوڵەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان داوا دەکات بەمەبەستی بەرپرسیارکردنەوەی کۆماری ئیسلامی و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی چەوساندنەوە و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی نەیارانی سیاسی کردەوەیەکی دەستبەجێیان هەبێت. بێدەنگبوون بەرانبەر بەو تاوانە چرایەکی سەوز بۆ درێژەدان بە سیاسەتە چەوسێنەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە هەژمار دێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە