تورکیا؛ مەترسیی ڕادەستکردنەوەی حوسێن حوسێنی، چالاکی کولتووری، مەدەنی و سیاسی و بنەماڵەکەی بۆ ئێران
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٤
حوسێن حوسێنی، چالاکی مەدەنی، کولتووری و سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان و هاوژینەکەی، نەسرین خۆشنەوازیان و دوو منداڵەکەیان لە وڵاتی تورکیا لە بارودۆخێکی جێی نیگەرانیدان و مەترسیی ڕادەستکردنەوەیان لەئارادایە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حوسێن حوسێنی، نەسرین خۆشنەوازیان و دوو منداڵی تەمەن ١٠ و ١٣ ساڵەکەیان بەشێوەی کاتی و لە باردۆخێکی سەختدا بۆ شاری دێنیزلی نێردراون. ئەوە لەحاڵێکدایە کە ئیدارەی پەنابەری دێنیزلی لەگەڵ مانەوەیان لەو شارەدا دژایەتی کردووە و بارودۆخی ئەو بنەماڵە لەو شارەدا ناڕوونە.
بە وتەی حوسێن حوسێنی، ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانباری ئەمساڵ، دوای نزیکەی دوو مانگ دەستبەسەرکران لە کەمپی "موغلا" ئازاد کران و بۆ شاری دێنیزلی گواسترانەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە لە نامەی ئیدارەی پەنابەریی تورکیادا هاتووە کە بنەماڵەکەی حەموو حەوتوویەک دەبێت خۆیان ڕادەستی ئەو ئیدارە بکەن و دۆسیەی دیپۆرتکردنەوەیان تا ئێستاش کراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
ئەو بنەماڵە ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە لایەن پۆلیسی شاری بۆدروومی تورکیاوە دەستبەسەر کران و بەهۆی ئەوەی بە "پێشێلکرانی یاسا" ناو بردراوە، دوای ماوەیەک بەمەبەستی ڕادەستکردنەوەیان بۆ دەستبەسەرگەی موغلا گواسترانەوە.
شایانی باسە کە لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا، بارودۆخی کۆئەندامی هەرسی نەسرین خۆشنەوازیان بەهۆی دەستڕانەگەیشنی بە دەرمانەکانی تێکچووە.
حوسێن حوسێنی، ساڵی ٢٧١٩ بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران، ئەو وڵاتەی بەجێهێشت. ناوبراو سەرەتا ڕۆیشتووەتە هەرێمی کوردستان و دواتر بەمەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا ڕۆیشتووەتە وڵاتی تورکیا و لە نێوان ڕێگای گەیشتن بە ئەورووپادا لەگەڵ بنەماڵەکەی دەستبەسەر کراون.