دەستبەسەرکردن و مەترسی ڕادەستکردنەوەی سیروان فەخری چالاکی سیاسیی کورد لە تورکیاوە بۆ ئێران

١٣ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٦:١٦

هەنگاو؛ هەینی ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سیروان فەخری، چالاکی سیاسیی کورد و خەڵکی سەقز دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، بەرەوڕووی مەترسیی جددی دیپۆرتکردنەوە و ڕادەستکردنەوەی لە تورکیاوە بۆ ئێرانە. ناوبراو پێشتریش لەم وڵاتە، بڕیاری بەجێهێشتنتی ئەو وڵاتەی بەسەریدا سەپێنرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سیروان فەخری تەمەن ٣٨ ساڵ خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کراوە و بەپێی ئەوەی بڕیاری دیپۆرتی ئەم چالاکە سیاسییە لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەرچووە، ناوبراو ڕووبەڕووی مەترسییەکی جددی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران بووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە سیاسییە کوردە لە نزیک شاری "بێتلیس"ی تورکیا لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو لەم دواییانەدا بەهۆی گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکان و هەروەها ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان ئێران و حکومەتی ناوەندی عێراق، ناچاربوو شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەجێ بهێڵێت و بۆ تورکیا بگەڕێتەوە.

شایانی باسە کە، سیروان فەخری پێشتر لە وڵاتی تورکیا دۆسیەی پەنابەری هەبووە و دوای ئەوەی داواکاری پەنابەری و سزای جێهێشتنی وڵاتی پێدرا، ناچار بوو بچێتە هەرێمی کوردستان.

سیروان فەخری لە فایلێکی دەنگی، دەستبەسەرکردنی خۆی لەلایەن پۆلیسی تورکیا پشتڕاست کردوە و داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە دەنگی بن، چونکە لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی بۆ ئێران ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و سزای قورس دەبێتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە