مەترسی دیپۆرتکرانەی پەنابەرێکی سیاسیی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە

ئەمیر کەهریزی، چالاکی سیاسیی و خەڵکی کرماشان، دوای ئەوەی یۆنان بۆ تورکیای گەڕاندەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکیەوە دەستبەسەرکراوەو مەترسی دیپۆرتکران

٦ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٠:٣٩


هەنگاو؛ شەممە ٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

ئەمیر کەهریزی، چالاکی سیاسیی و خەڵکی کرماشان، دوای ئەوەی یۆنان بۆ تورکیای گەڕاندەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکیەوە دەستبەسەرکراوەو مەترسی دیپۆرتکرانەوەی بۆ ئێران لەسەرە. ناوبراو لە هەوڵدابووە بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری بڕواتە وڵاتانی ئوروپایی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٧ی مەیی ٢٠٢٣) ئەمیر کەهریزی، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەرکرا و لەئێستادا مەترسی دیپۆرتکرانەوەی لەسەرە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەنگاو ڕاگەیاند، کە ئەم چالاکە سیاسییەی خەڵکی کرماشان، دوای دیپۆرتکرانەوەی لە یۆنانەوە بۆ تورکیە لەگەڵ چەند پەناخوازێکی دیکەی ئێرانی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستبەسەرکراون و بۆ یەکێک لە بەندیخانەکانی شاری ئەدرنە گواستراونەتەوە و لە ئێستادا بارودۆخی یاساییان ناڕوونە.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە ئەمیر کەهریزی ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێرانە و پێشینەی ١٠ ساڵ چالاکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان هەیە.

ڕێکخراوی هەنگاو نیگەرانی جددی خۆی لەبەرانبەر مەترسی دیپۆرتکردنەوەی ئەمیر کەهریزی بۆ ئێران و ئەشکەنجەکران و سەپاندنی سزای نایاسایی بەسەر ناوبراودا لەلایەن دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەردەبڕێت و داواکارە لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی ناوەندەکانی پشتیوانی پەناخوازان کە دەستتێوەردانی بەپەلەیان هەبێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە