کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری بانە

کۆلبەرێکی لاو بە ناوی وریا شەریفی و خەڵکی شاری بانە، لە کاتی کۆڵبەری و لە ناوچەیەکی سنووریی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

٣ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ٢١:٤٩


هەنگاو: شەممە، ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

کۆلبەرێکی لاو بە ناوی وریا شەریفی و خەڵکی شاری بانە، لە کاتی کۆڵبەری و لە ناوچەیەکی سنووریی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٢٤ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی شاری بانە، تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و بەم هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی وریا شەریفی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە کوژراوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ وریا شەریفی کە تەمەنی ٢٧ ساڵە و خەڵکی شاری بانە بووە، سەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێکراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتێکدا ئەم کۆڵبەرە خاڵی سنووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەرباز کردووە و لە گوندی هەنگەژاڵ نزیک بووەتەوە، هێزە حکوومەتییەکان بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە تەقەیان لێ کردووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٧٢٣دا، لانی کەم ٨ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و ٣٦ کۆلبەریش بریندار بوون. شەش کەس لەو کۆڵبەرانە لە سنووری بانە کوژراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە