کوژران و برینداربوونی ٦ کۆڵبەر لە سنووری بانە کە دوو کەسیان منداڵن

کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی یادگار ڕەحیمی، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لەدەست داوە و لانی ک

٢٤ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٠٩:٤١

 

هەنگاو: چوارشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی یادگار ڕەحیمی، لە کاتی کۆڵبەری و لە سنووری ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لەدەست داوە و لانی کەم ٥ کۆڵبەری دیکە بریندار بوون کە دوو کەسیان بە ناوەکانی ئاروین محەممەدی و ئیمان، منداڵن و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ١١:٠٠ی شەوی سێشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری (١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، لاوێکی کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە بە ناوی یادگار ڕەحیمی، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە کوژراوە. ئەم کۆڵبەرە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە تەقەی لێ کراوە.

هاوکات بەهۆی تەقەی ئەو هێزانەوە کۆڵبەرێکی دیکە بریندار بووە کە هێشتا ناسنامەکەی بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە و هەنگاو لەم بارەیەوە خەریکی بەدواداچوونە و لە ئەگەری بەدەستهێنانی هەر جۆرە زانیارییەک، بڵاوی دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ئێوارەی هەمان ڕۆژ، ئاروین محەممەدی، تەمەن ١٤ ساڵ و ئیمان، تەمەن ١٧ ساڵ، دوو مێرمنداڵی خەڵکی شاری سنە و هەروەها حوسێن، تەمەن ٢٠ ساڵ و شاهۆ، ٢١ ساڵ (هێشتا ناوبانگیان بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە) کە هەردووکیان خەڵکی شاری بانەن، لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران ئاروین محەممەدی پشت و شانی پێکراوە بووە و هەروەها ئەو کۆڵبەرە مێرمنداڵەکەی دیکە بە ناوی ئیمان، سەر و دەموچاویدا بریندار بووە.

بەپشتبەستن بەو ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە سەرەتای وەرزی پاییزەوە (واتە ماوەی ٥٤ ڕۆژ)، ٤ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و هەروەها بەو چەند کۆڵبەری ئەم جارەشەوە، لانی کەم ٣٤ کەسی کۆڵبەر بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە