ئارام فەتحی بۆ بەندیخانەی مەریوان گوازرایەوە و لە وەرگرتنی دەرمانەکانی بێ بەشە

هەنگاو: ئارام فەتحی شاعیر و نووسەری خەڵکی مەریوان کە سێ ڕۆژ پیش دەستبەسەر کرابوو بۆ بەندیخانەی گشتیی ئەو شارە

٢٩ جۆزەردان ٢٧٢١، ٠٥:٣٠

 

هەنگاو: ئارام فەتحی شاعیر و نووسەری خەڵکی مەریوان کە سێ ڕۆژ پیش دەستبەسەر کرابوو بۆ بەندیخانەی گشتیی ئەو شارە گوازرایەوە و لە مافی وەرگرتنی دەرمانەکانی بێبەش کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئارام فەتحی شاعیر و نووسەری خەڵکی مەریوان کە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (١٧ی ژوئەنی ٢٠٢١) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، بۆ بەندی قەرەنتینەی بەنیدخانەی گشتیی شاری مەریوان گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی فەتحی، داواکاری گشتی مەریوان بە بنەماڵەی ئارام فەتحی ڕاگەیاندووە کە ناوبراو دوابەدوای سکاڵای ئیدارەی ئەماکن و بە هۆی فیلم هەڵگرتن لە شوێنی قەدەغەکراو دەستبەسەر کراوە.

ئەو سەرچاوەیە کە بەهۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند: “ئارام فەتحی نەخۆشی تۆماتیسم و هەروەها ئازاری گورچیلە و جەرگی هەیە و ئێستا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەش کراوە. هەروەها بە هۆی نەخۆشی ڕۆماتیسم هەر دوو حەوتوو جارێک دەبێ دەرزییەکی تایبەتی لەلایەن پزیشکی پسپۆرەوە لێ بدرێت. بنەماڵەکەی ئاگادار نین کە کەی دەبێ ئەو دەرزییە لێ بدرێت و ئەمەش بووەتە هۆی دڵەڕاوکێ و ترسی ئەوان”.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە  دوای ئەوەی ئارام فەتحی دەستبەسەر کراوە هێزە ئەمنییەکان  ماڵی ناوبراویان پشکنیوە و دەستیان بە سەر کەل و پەلی تایبەتی ناوبراویان مۆبایل. کۆمپیۆتەر  و… گرتووە. هەروەها هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە سەر مۆبایل و کۆمپیوتەری برا و خۆشکی چووکەی ئارامدا گرتووە. جێگای ئاماژەیە کۆمپیۆتەری ئارینا فەتحی لە حاڵێکدا دەستی بەسەردا گیراو کە ناوبراو دەبێ ماوەیەکی دیکە بەشداری تاقیکردنەوەی کۆنکوور بکات.

ئارام فەتحی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە