برایەکی سوهەیلا حجاب پاش بانگکران بۆ دادگای ئێڤین دەستبەسەر کرا

هەنگاو: برایەکی سوهەیلا حجاب، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی قەرچکی وەرامین، دەستبەسەر کرا.

٢٠ جۆزەردان ٢٧٢٠، ٢٠:٥٢


هەنگاو: برایەکی سوهەیلا حجاب، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی قەرچکی وەرامین، دەستبەسەر کرا.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٠( ٨ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، دایک، خۆشک و برای سوهەیلا حجاب، پارێزەری کرماشانی کە ئێستا لە بەندیخانەی قەرچکی وەرامین ڕاگیراوە، بۆ دادسەرای ئێڤین بانگ کراون.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند کە، دایک و خوشکی سوهەیلا پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراون و براکەی بە ناوی " مەجید حجاب" دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.


سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٢٣ی مەی ٢٠٢٠)، دوای ئەوەی بانگ کرا بۆ لقی ٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران و دوابەدوای دانیشتنی دادگا کە پشتڕاست کردنەوەی حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی دادگای بەرایی لێکەوتەوە، لەکاتی بەجێ هێشتنی بینای دادگا لەلایەن هێزەکانی بنکەی ساروڵڵای سپای پاسداران دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە