بێ ئەوەی موچەیان پێ بدرێت ٢٥٠ کرێکاری کورد ناچار بە پاکانە حیساب کران

هەنگاو: لەبەرەبەرەی ١ی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکار، سەدان کرێکاری کۆمپانیای گواستنەوەی ئاوی کوردستان لە سەلاسی باوەجانی بێ ئەوەی حەقدەستی خۆیان وەربگرن.

٩ بانەمەڕ ٢٧١٨، ٠٩:١٦

 

هەنگاو: لەبەرەبەرەی ١ی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکار، سەدان کرێکاری کۆمپانیای گواستنەوەی ئاوی کوردستان لە سەلاسی باوەجانی بێ ئەوەی حەقدەستی خۆیان وەربگرن ناچار بە پاکانە حیساب کراون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای ٤ ڕۆژ مانگرتنی کرێکارانی کۆمپانیای “ئارسا ساختمان” لە سەلاسی باوەجانی، ٢٥٠ کرێکاری کۆمپانیای گواستنەوەی ئاوی ڕووباری سیروان بۆ مووسیان لەباشووری پارێزگای ئیلام، لە ژێر گوشاری سوپای پاسداران و بێ ئەوەی موچەیان پێ بدرێت ناچار بە پاکانە حیساب کراون.

یەکێک لە کرێکارانی ئەو کۆمپانیایە کە لە بەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە هەواڵنێری “هەنگاو”ی ڕاگەیاند کە، ئەو ٢٥٠ کەسە لەکاتێکدا ناچار بە پاکانە حیساب کراون کە حەقدەستی ٤ مانگی ڕابردوویان وەر نەگرتووە و بەرپرسانی کۆمپانیاکەش وتوویانە کە ئەو پارەیەتان پێ نادەین. ئەمە لەحاڵێکدایە کە شاری سەلاسی باوەجانی بە هۆی بوومەلەرزەی ٧.٢ ڕیشتەری پاییزی ساڵی ڕابردوو تووشی زیانێکی زۆر بووە و و ئەمەش گوشاری خستووەتە سەر ژیانی ئەو کرێکارانە.

ئەو کرێکارە لە درێژدا وتی “ ئێمە بە کمترین پێداویستی و ئیمکاناتەوە و وێڕای هەبوونی گازی مەترسیدار کە لە تۆنێلەکاندا ئیشمان دەکرد و ئێستاش بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایە ئاوەها وڵامی کارەکانمان دەدەنەوە و خۆ لەدانی حەقدەستی ئێمە دەبوێرن.

ناوبراو لە درێژەدا وتی برپرسانی سوپای پاسداران لەو کۆمپانیایە وتوویانە ئێوە ئاژاوەگێڕن و بۆیە وەکوو کریکاریش لێرە وەرتان ناگرین و تەنیا کەسانیک وەر دەگرین کە ئەندامی فەرمیی ڕێکخراوی بەسیج سەر بە سوپای پاسداران بن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە