نەهرۆ ڕۆستەم نژاد، کرێکاری خەڵکی سەقز لە ئەنجامی هێرشی گرووپە سەلەفییەکان بەسەختی بریندارکرا

کرێکارێکی لاوی خەڵکی سەقز بەناوی نەهرۆ ڕۆستەم نژاد، لەلایەن چەند کەس لە ئەندامانی گرووپە سەلەفییەکانەوە لەو شارە هێرش کرایە سەری و بە چەکی سارد بەسەختی ب

١٢ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٢٣:٥٢

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

کرێکارێکی لاوی خەڵکی سەقز بەناوی نەهرۆ ڕۆستەم نژاد، لەلایەن چەند کەس لە ئەندامانی گرووپە سەلەفییەکانەوە لەو شارە هێرش کرایە سەری و بە چەکی سارد بەسەختی بریندارکرا. خاڵی سەرنجڕاکێش دەستوەرنەدانی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی حکومەت لەو هێرشانەی ڕێکخراوانەی گرووپە توندڕەوەکانە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٣١ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، نەهرۆ ڕۆستەم نژاد، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گەڕەکی تازەئاوای سەقز، لەلایەن چەند کەس لە ئەندامانی گرووپە سەلەفییەکانەوە بە زەربەی شمشێر و قەمە بەسەختی بریندارکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نەهرۆ ڕۆستەم نژاد، ڕۆژی پێشوو چەند کاتژمێر دوای گەڕانەوەی لە تاران، لەلایەن ژمارەیەکی نەناسراو پەیوەندییان لەگەڵ گرتووە و کێشاندوویانەتە پارکێکی شەقامی مێقداد لە گەڕەکی حەماڵاوای سەقز و بە چەند کەسەوە هێرشیان کردووەتە سەری.

بەپێی ئەو وێنانەی کە بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، ئەو لاوە سەر و هەر دوو لاقی بە زەربەی چەقۆ و قەمە بەسەختی بریندارکراوە و ڕۆژی پێشوو بۆ چەند کاتژمێر بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بردراوەتە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریدا بووە.

گرووپە سەلەفییەکان لە کوردستان، بە ڕێکخستنی کەناڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام و تێلێگرام بەئاشکرایی و بەپشتبەستن بە خوێندنەوەی خۆیان لە ئیسلام، و لە ژێرناوی "فتوا" هەڕەشەی کوشتن لە هاووڵاتییان دەکەن و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەند هاووڵاتی لە شارەکانی سەقز، سنە و مەریوان لەلایەن ئەندامانی ئەو گرووپانەوە کوژراون.

جێگای ئاماژەیە سەرباری ئەوەی کە ناوەندە ئەمنییەکان لە شارەکانی کوردستان کەشێکی ئەمنییان زاڵ کردووە، بەڵام بە کردەوە هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووەتەوە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەم گرووپانە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە