خۆکوشتنی کرێکارێک لە پیرانشار؛ شارەوانی بەرپرسی سەرەکییە

باپیر خالیدی، کرێکاری خەڵکی شاری پیرانشار دوای تێکشکاندنی کانێکسێک کە تێیدا ئیشی پینەچی دەکرد، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ه

٥ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٥:٥٨

هەنگاو؛ یەکشەممە ٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

باپیر خالیدی، کرێکاری خەڵکی شاری پیرانشار دوای تێکشکاندنی کانێکسێک کە تێیدا ئیشی پینەچی دەکرد، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. هێزەکانی شارەوانیی پیرانشار بەهۆی ڕێگری کردن و کۆسپ دروستکردن بۆ ئیش کردنی ئەو کرێکارە، بەرپرسی سەرەکی خۆکوشتنی ناوبراو بە هەژمار دێن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (٢٣ی مارسی ٢٠٢٤)، باپیر خالیدی، خەڵکی گوندی "کەوپەڕ" و دانیشتووی شاری پیرانشار، دوای تێکدانی شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزەکانی شارەوانییەوە، هەوڵی خۆکوشتنی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو کرێکارە تەمەن ٣٨ ساڵە کە باوک و تەنیا سەرپەرەستی کچەکەی بوو، لە لە کانێکسێکی بچووک لە یەکێک لە شەقامەکانی پیرانشاردا بژێوی ژیانی دابین دەکرد.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لەم دوایییانەدا شارەوانیی پیرانشار بەناوی "لەنێوبردنی دەستبەسەرداگرتنی ڕێگاکان" و بە پاساوی "بەربەندی ڕێگاوبان" شوێنی کاری ئەو کرێکارەیان تێکدابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە