گیان لەدەستدانی چوار کرێکار بەهۆی ڕووداوی کار

نەبوونی ئەمنییەتی کار لە ماوەی هەشت ڕۆژ لەم مانگەدا، بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی چوار کرێکاری کورد لە شارەکانی تاران، کرماشان،

١١ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٠:٥٠


هەنگاو؛ شەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

نەبوونی ئەمنییەتی کار لە ماوەی هەشت ڕۆژ لەم مانگەدا، بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی چوار کرێکاری کورد لە شارەکانی تاران، کرماشان، مەریوان و یولاگەلدی سەر بە شاری ماکۆ. ناسنامەی ئەو کرێکارانە بەناوەکانی محەممەد دارایی، محەممەدئەمین کاریگەر، محەممەد ئەفغان و بورهان ڕەنجبەر بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، محەممەد دارایی، خەڵکی گوندی دەلەک سەر بە شاری دێولان بەهۆی ڕووداوی کار لە کارگەیەکی بەردبڕیندا گیانی لە دەستدا.

لە ڕۆژی هەینی ١٠ی سەرماوەزیشدا، بورهان ڕەنجبەری، کرێکاری خەڵکی گوندی کولیژی شاری مەریوان لە کاتی کارکردن لە بینایەکی مەریواندا، بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی، گیانی لە دەستدا.

پێشتر واتە ڕۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەز، محەممەدئەمین کاریگەر، دانیشتووی گەڕەکی دەوڵەتئاوای کرماشان، بەهۆی سووتان لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە دووکانێکی مکانیکی ئۆتۆمبێل، گیانی لەدەستدا.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی سەرماوەز، محەممەد ئەفغان، کرێکاری خەڵکی گوندی میلی و دانیشتووی شاری یولاگەلدی سەر بە شاری ماکۆ، دوای ئەوەیکە بۆ ماوەی دوو حەفتە لە نەخۆشخانەدا خەوێندرابوو گیانی لە دەستدا. ئەو کرێکارە تەمەن ٤٦ ساڵە کە باوکی چوار منداڵ بووە، لە کاتی ئارماتۆربەستن لە قاتی دووەمی بینایەکدا، کەوتبووە خوارێ و بەسەختی بریندارببوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە