بە هۆی کێشەی ئایینییەوە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە گرژی ئاڵۆزی دروست بوو

گرژی نێوان بەندکراوانی ژنی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە توندوتیژی لێکەوتەوە و چەندین بەندکراوی ژن بریندار بوون و هەموو پەیوەندییەکانی بەندی ژنان لەگ.

١٣ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٤:٥١


هەنگاو: پێنجشەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

گرژی نێوان بەندکراوانی ژنی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە توندوتیژی لێکەوتەوە و چەندین بەندکراوی ژن بریندار بوون و هەموو پەیوەندییەکانی بەندی ژنان لەگەڵ دەرەوە پچڕاوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١٠ی بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) و هاوکات لەگەڵ بەرەبەری ڕۆژانی موحەڕڕەم، دوای ئەوەی ژمارەیەک لە ژنانی پەیڕەوی مەزهەبی شیعە بێ ڕێزیان بە بەندکراوانی سوننە مەزهەب کردووە لەنێوان بەندکراوانی کورد و تورک ئاڵۆزی و گرژی دروست بووە و ئەم گرژییە هەتا ئەمڕۆ درێژەی کێشاوە بە جۆرێک کە چەندین کەس لە هەر دوو لا بریندار کراون.

هەنگاو زانیویەتی کە دوابەدوای ئەم ئاڵۆزی و گرژییە هەموو پەیوەندییەکانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە پچڕاوە و هەتا ئێستا بنەماڵەکانیان نەیانتوانیوە کە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆڵەکانیان بگرن و هەر ئەمەش بنەماڵەکانی نیگەران کردووە.

جێگای باسە کە سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد و منداڵە یەک مانگانەکەشی لە نێو ئەم توندوتیژیانەدا ڕاگیراون.

هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی بە نیسبەت گەورەتربوونی ئەم ئاڵۆزی و گرژیانە لە ماوەی ڕۆژانی موحەڕڕەمدا، بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە و بەرپرسانی ئەمنی بەندیخانە بە نیسبەت گیانی بەندکراوان بە بەرپرسیار دەزانێت.


پێویستە بگوترێت کە بەندیخانەی ئورمیە بە هۆی گرژییە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بەردەوام ناوەندی قەیران بووە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە لەم ئاڵۆزیانە بە مەبەستی باشتر ئیدارە کردنی بەندکراوان و گوشارخستنە سەر بەندکراوانی کەڵک وەردەگرن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە