تاران؛ خەدیجە مەهدی‌پوور بەندکراوی سیاسی پێشوو لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشاد بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا

٢٨ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ٢٢:٤٩

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

خەدیجە مەهدی‌پوور، بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد و خەڵکی شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام، بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشاد بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە لە شاری تاران دەستبەسەرکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٦ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، خەدیجە مەهدی‌پوور، خەڵکی ئەیوان لە کاتی جێبەجێکردنی کارێکی ئیداریی لە شاری تاران لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادەوە دەستبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی خەدیجە مەهدی‌پوور نزیکی ١٠ خولەک لە بەردەم مێترۆوە تاکوو شوێنی پۆلیسی ئەمنی توندووتیژییان بەرامبەر بە ناوبراو بەکارهێناوە. ئەم بەندکراوی سیاسی پێشووە ئامادە نەبووە بەڵێننامە واژۆ بکات و دوای واژۆ کردنی نامەی سەلامەتی خۆی لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا، ئازاد کراوە.

ناوبراو لە سەرەتای مانگی جۆزەردانی ٢٧٢٣،، لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای گشتی و شۆڕشی ئیلام بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە" بە ٣ مانگ بەندکران سزا درا و ڕۆژی شەممە ٢٨ی گەلاوێژ بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی دەستەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواسترابۆوە.

شایەنی باسە کە خەدیجە مەهدی‌پوور، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، لە کاتی تێپەڕکردنی ماوەی سزا ٢٠ مانگەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام، بەبێ ئاگاداری پێشوەختە و بە زۆر لە بەندیخانە ئازاد کرا و ڕەوانەی ماڵەوە کرا.

ئەم بەندکراوی سیاسی پێشووە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢١، لە ماڵی مامی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی ئیلام دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە