سنە؛ سۆما پوورمحەممەدی مامۆستای زمانی کوردی سزای ١١ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی بەسەردا سەپا

١ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢٢:٢٥

هەنگاو؛ شەممە ١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

سۆما پوورمەحەممەدی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە لە دوو دۆسیەی جیاوازدا سەرجەم بە ١١ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ شاری کرماشان سزا درا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سۆما پوورمەحەممەدی لە چالاکانی مەدەنی، مامۆستای زمانی کوردی و هەروەها ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی فەرهەنگی - کۆمەڵایەتی نۆژین، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە دادوەری دادوەر کەرەمی بە تۆمەتی "درووستکردنی کۆمەڵە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" بە ١٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان سزا درا.

دانیشتنی پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی سۆما پوورمەحەممەدی ڕۆژی ٢٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بەڕێوەچوو و ئەمڕۆ دوای سێ ڕۆژ سزای سەپێندراو بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەنرا.

هەروەها ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکەش بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی شاری سنە بە یەک ساڵ بەندکران سزا درا.

سۆما پورمەحەممەدی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی نووسی: "کەرەمی ڕۆژی دانیشتنەکە بە منی گوتووە کە سزایەکە پێشتر دەرکراوە".

سۆما پوورمەحەممەدی تەمەن ٣٥ ساڵە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ بەفرانباری ٢٧٢١ (١٨ی جەنیوەری ٢٠٢٢) لە کاتێکدا کە بەمەبەستی بەدواداچوونی دۆسیەی هاوژینەکەی بەناوی ئیدریس مێنبەری سەردانی دادگای کردبوو دەستبەسەر کرا و دوای ٢٧ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی دادگایەکەی ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە