ئایدا شاکەرەمی، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان بە هۆی ڕەچاونەکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ دەستبەسەرکرا
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤
ئایدا شاکەرەمی، خوشکی نیکا شاکەرەمی، لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی "ئاسایشی ئەخلاقی" لە تاران دەستبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، ئایدا شاکەرەمی، خوشکی نیکا شاکەرەمی، لە تاران و لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقەوە بەهۆی ئەوەی بە ڕەچاونەکردنی یاسای حیجاب نێوی دەبەن، دەستبەسەر کرا.
نەسرین شاکەرەمی، دایکی ئایدا شاکەرەمی، لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا ئەو هەواڵەی ڕاگەیاندووە و وتوویەتی کە لە ڕۆژی ڕابردووەوە منداڵەکەی دەستبەسەرە و تا ئێستا ئازاد نەکراوە.
نیکا شاکەرەمی تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی لوڕستان و دانیشتووی تاران، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، دوای دەستبەسەرکران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی دوای ٩ ڕۆژ ناڕوونی چارەنووسی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە.