سنە: چڕکردنەوەی گوشارەکان لەسەر کچە خوێندکارەکانی زانکۆی کوردستانی سنە

٢٩ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٠:٤١

هەنگاو: چوارشەممە، ٢٩ خاکەلێوەی ٢٧٢٤

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لەگەڵ دەستێکی ساڵی نوێ، گوشارە ئەمنییەکانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە لەسەر کچە خوێندکارەکانی ئەم زانکۆیە لەژێر ناوی ئەوەی پێی دەوترێت "جلوبەرگی شیاوی خوێندکاران"، زۆر زیادی کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا گوشارە ئەمنییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی جلوبەرگی کچە خوێندکارەکانی زانکۆی کوردستانی سنە چڕوپڕتر بووەتەوە و تەنانەت کۆمەڵێکی زۆر لە خوێندکارانی ئەم زانکۆیە ڕووبەڕووی چەندین جار ئاگادارکردنەوە و هەڕەشە بوونەتەوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، کۆمەڵێک لەو خوێندکارانە هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی کارتی خوێندکاری و دەستپێڕانەگەیشن بە کەرەستە و کەلوپەلی پێویستی خوێندن لێیان کراوە و تەنانەت بەهۆی ئەوەی لە خەوتنگەش کە لە ڕووی ڕەگەزیشەوە شوێنێکی بەتەواوەتی جیا و تایبەت بە کچانە، بە ڕەچاونەکردنی "حیجابی زۆرەملێ" لەلایەن سەرپەرشتیاری خەوتنگەوە ئاگادار دەکرێنەوە و لە شوێنی پشووشدا دەستوەردان لە کاروباری تاکەکەسیی خوێندکاراندا دەکەن.

شایانی باسە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و ڕۆڵی بوێرانەی خوێندکارانی زانکۆی کوردستان و هاوکات لەگەڵ دیاریکردنی "حامید قادرزادە" وەک سەرۆکی نوێی زانکۆی کوردستان، گوشارە ئەمنییەکان و کۆنترۆڵکردنی جلوبەرگی خوێندکاران بە شێوەیەکی زیاتری کرد و بەپێی زانیاری و ڕاپۆرتەکان، ئەم گوشارانە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا زۆر زیاتریان کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە