بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە دوو ساڵە ئیزن نادەن سنوور خەلیفانی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت

هەنگاو: بەندکراوێکی مەزهەبی خەڵکی مەهاباد کە زیاتر لە سێ ساڵە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، لە مافی مرەخەسی و

١٤ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٠:٢٤

 

هەنگاو: بەندکراوێکی مەزهەبی خەڵکی مەهاباد کە زیاتر لە سێ ساڵە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، لە مافی مرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سنوور خەلیفانی، بەندکراوی مەزهەبی خەڵکی مەهاباد کە سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، ماوەی دوو ساڵە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دوو منداڵە کەم تەمەنەکەی بێبەش کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی خەلیفانی، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا باوکی سنوور خەلیفانی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادی کردووە و لەوێ پێیان ڕاگەیاندووە کە کچەکەی ئێوە بەندکراوی ئەمنییە و بڕیاری لێبوردن و هەروەها مرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی نایگرێتەوە.

سنوور خەلیفانی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ هاوژینەکەی چوون بۆ سووریا و هاوژینەکەی کە ئەندامی گرووپی «جبهە النصرە» بوو لەوێ کوژرا و سنوور و دوو منداڵەکەی گەڕانەوە بۆ ئێران و لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و پاش ٦ مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

جێگای ئاماژەیە کە سنوور خەلیفانی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بووە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

سنوور خەلیفانی دواجار ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە داعش» سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و ڕۆژی شەممە ١ی بەفرانباری ٢٧١٨ (٢٢ی دیسەمبەری ٢٠١٨) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

سەپاندنی سزای ١٥ ساڵ بەندکران بە سەر سنوور خەلیفانی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە داعش لە کاتێکدایە کە ناوبراو ئەندامی داعش نەبووە و بە هۆی ئەوەی کە هاوژینەکەی ئەندامی «جبهە النصرە» بووە چووە بۆ سووریا.

دوو منداڵی چووکەی سنوور خەلیفانی لە ماڵی خەزووری دەژین و ئەوە دوو ساڵە کە ناوەندە ئەمنییەکان ئیزنیان نەداوە کە چاویان بە دایکیان بکەوێت.

هەنگاو زانیویەتی کە پرۆسەی دادگایی کرانی سنوور خەلیفانی زۆر نا دادپەروەرانە و نا یاسایی بووە و ئیدارەی ئیتلاعات تەنانەت ئیزنی نەداوە کە بنەماڵەکەی پارێزەری بۆ بگرن.

دوابەدوای کۆتایی دۆسیەکە و سەپاندنی سزای ١٥ ساڵ بەندکران بە سەر سنوور خەلیفانی، بنەماڵەکەی پارێزەرێکیان بۆ گرتووە بەڵام ئەو پارێزەرە دوای چەند مانگ و لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکان دۆسیەکەی وە لا ناوە و کارەکەی درێژە نەداوە.

سنوور خەلیفانی کە لە سێ ساڵ پێشەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، زستانی ڕابردوو گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە و دوای ٩ مانگ ڕاگیرا لە ژووری تاکەکەسیی ئەو دەستبەسەرگەیە مانگی خەرمانانی ئەمساڵ بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە