بەندیخانەی ئورمیە/ ناڕەزایەتی لە بەندی ژنان و ئاگردانی پەتووەکانی بەندیخانە

هەنگاو: گوێنەدانی بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە داخوازییەکانی ژنانی بەندکراو لە بەندی ژنان بووەتە هۆی ناڕەزایەتی

١٣ سەرماوەز ٢٧٢١، ١٠:٢٦

 

هەنگاو: گوێنەدانی بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە داخوازییەکانی ژنانی بەندکراو لە بەندی ژنان بووەتە هۆی ناڕەزایەتی و ئاگردانی پەتووەکانی بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (٣ی دێسامبری ٢٠٢١)، ژنانی بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە گوێ نەدان بە داخوازییەکانیان لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕی و بەشێک لە پەتووەکانی (بەتانی) بەندیخانەیان ئاگرتێبەردا کە دوای دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان توندوتیژی لێکەوتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیەەوە، هێزە ئەمنییەکان بەشێک لە بەندکراوانیان داوەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە و “بەخشی” بەرپرسی بەندیخانە و “بوداغی” بەرپرسی بەشی بەندی ژنان، ژمارەیەک لە ژنە ناڕازییەکانیان ناچار کردووە بە شێوەی نوسراوە بەڵێننامە پڕ کەنەوە و کە چیدی لە هیچ ناڕەزایەتییەک بەشدار نابن.

ناڕەزایەتی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە دوای ئەوە دێت کە بەرپرسی بەندیخانە گۆڕدراوە و بە بیانووی ئەوەی ژنان لە لە پۆلەکانی فێربوونی قورئان بەشداریان نەکردووە، زەختی زۆر خراوەتە سەر ژنان و مافەکانیان بەرتەسک کراوەتەوە و کەشێکی نالەباریان بۆ ژنانی بەندکراو پێکهێناوە.

لەم دوای ئەوەی بەرپرسی بەندیخانە گوڕدراوە، کاتی هەواخۆری بۆ ٢ کاتژمێر لە ڕۆژ کەمکراوەتەوە و پەیوەندی تەلەفۆنی بووەتە ٤ ڕۆژ یەکجار، هەروەها بەندکراوان ناتوانن سەردانی ژورەکانی یەکدی بکەن، “”بەخشی” بەپرسی نویی بەندیخانەیە و بە جێگای “سۆهرابی” هاتووەتە سەر کار.

بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیە کە بە بەندی ١٥ ناسراوە ٤ ژووری هەیە کە هەر ژوورێک ٣٦ تەختی نوستنی تێداهە و ئامێری گۆڕینی هەوای تێدا نییە.

هەرچەند ئەم چوار ژوورە سەرجەم ١٤٤ تەختی نوستنیان هەیە، بەڵام زیاتر لە ٣٣٠ بەندکراو لە ژورانە ڕاگیران و بە هۆی نەبوونی ئامێری گۆڕینی هەوا لەژوورەکان و کەم بوونی کاتی هەواخۆری دۆخێکی زۆر نالەبار بۆ بەندکراوان خولقێندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە