تۆمارکردنی سێ حاڵەتی گیان لە دەستدان بە هۆی پەتای کۆرۆنا لە شاری سنە و پەردەپۆش کردنی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە

هەنگاو: سەرەڕای ئەو ڕێوشوێنێکی توند لە شاری سنە گیراوەتە بەر هەتا پێش بە بڵاو بوونەوەی ژمارەی تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا بگیردرێت، هەنگا

١٦ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٠:٣٦

 

هەنگاو: سەرەڕای ئەو ڕێوشوێنێکی توند لە شاری سنە گیراوەتە بەر هەتا پێش بە بڵاو بوونەوەی ژمارەی تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا بگیردرێت، هەنگاو لە ڕێگای سەرچاوەیەکەی ئاگادارەوە زانیویەتی کە سێ حاڵەتی گیان لە دەستدانی هاووڵاتیان بە هۆی پەتای کۆرۆنا لەو شارە تۆمار کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، تەنیا لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٣ هاووڵاتیی خەڵکی سنە بە هۆی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە و وڵامی تێستی کۆرۆنای ئەوان ئەرێنی بووە. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە ئەو سێ کەسە پیاو بوون و تەرمەکانیان لە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە ڕاگیراوە.

ئەو سەرچاوەیە کە بەهۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ناوەندە ئەمنییەکان کادری پزیشکی و بەرپرسانی بەندیخانەیان خستووەتە ژێر گوشار و هەڕەشەیان لێیان کردووە، کە نابێت ئاماری تووشبوان لە سنە میدیایی بکرێتەوە.

بەپێی ئامارێکی کە وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە ١٤ی ڕەشەممە بڵاوی کردەوە، ژمارەی تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا لە هەمو وپارێزگای سنە ١٨ کەس ڕاگەیەندراوە، بەڵام ئەو سەرچاوەیە بە هەنگاوی ڕاگەیاند تەنیا لە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە ١٨ نەخۆش کە تێستی کۆرۆنای ئەوان. ئەرێنی بووە ڕاگیراون. هەروەها لە شاری سەقز زیاتر لە ٥٠ کەس تێستی کۆرۆنایان ئەرێنی بووە و لانیکەم ٦ کەس بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە کەرەستەی پزیشکی و بەتایبەت دەمامەک و دەستەوانە لە نەخۆشخانەکانی کوردستان بە سەختی دەست دەکەوێت و لەو ڕووە کە هەموو پزیشکە پسپۆرەکانی کوردستان لە حەفتەدا دەبێ دوو شیفتی ١٢ کاتژمێری لە نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشانی کۆرۆنا ئیش بکەن، گیانی ئەوانیش لە مەترسیدایە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە