تەرمی یەکێک لە دەستبەسەر کراوانی مەریوان لە بەنداو گاڕان دۆزرایەوە

هەنگاو: دوایی تێپەربوونی یەک مانگ بە سەر دەستبەسەر بوونی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان، تەرمی ئەو هاووڵاتیە لە نزیک بەنداوی گاڕان دۆزرایەوە.

٢٥ سەرماوەز ٢٧١٩، ٢٢:٤٩

 

هەنگاو: دوایی تێپەربوونی یەک مانگ بە سەر دەستبەسەر بوونی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان، تەرمی ئەو هاووڵاتیە لە نزیک بەنداوی گاڕان دۆزرایەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧١٩(١٥ی دێسامبری ٢٠١٩)، تەرمی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەوڵاوا بە ناوی “ئێرشاد ڕەحمانیان” کە لە خۆپێشاندانەکانی مەریوان دەستبەسەر کرابوو، لە بەنداوی گاڕان دۆزرایەوە.

ئێرشاد ڕەحمانیان تەمەن ٢٨ ساڵ و دەرچووی بەشی ئورژانسی پزیشکی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر لە کاتێکدا دایکی بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی بردبوو بۆ نەخۆشخانەی شاری مەریوان، دەستبەسەر و لەو کاتەوە چارەنووسی نادیار بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ڕەحمانیان بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاندووە تەرمی ئێرشاد لە کاتێکدا دۆزیاوەتەوە کە دەس و لاقی شکاوە و فیشەک بەر سەری کەوتووە.

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاندووە ناوەندە ئەمنیەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ناوبراو کردووە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک هەواڵی کوژرانی میدیای بێتەوە و دەبێت وەکوو خۆکوشتن لە قەڵەم بدرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا ئەوە دوهەمین حاڵەتە کە ناوەندە ئەمنیەکان بە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی خۆپێشاندانەکان ڕادەگەیێنن و هەڕەشەیان لێ دەکرێت کە مەرگی منداڵەکەیان وەکوو خۆکوشتن ناوببەن.

پێشتر بنەماڵەی سەجاد ئیسماعیلی لە ئیلام لە ژێر هەڕەشە، کوژرانی کوڕەکەیان کە لە ژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەست دابوو، وەکوو خۆکوشتن ڕاگەیاندبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە